چاونیوز: لە ماوەی چەند ڕۆژانی ڕابردوودا، دوو زیندانی سیاسی خەڵکی شنۆ بەناوەکانی عەلی ئیسماعیلی و هێمن ڕاغ(مامەشێخ) دوای تەواو بوونی دەورانی حوکمەکەیان لە زیندان ئازاد کران.
عەلی ئیسماعیلی بەفرانباری ساڵی ١٣٩٧ بە تۆمەتی هاوکاری دەگەڵ حیزبێکی کوردی دژبەری کۆماری ئیسلامی دەسبەسەر دەکرێ و دوای دوو مانگ لێپرسینەوە بەدانانی بارمتە بە شێوەی کاتی ئازاد دەکرێ. دواتر لە ڕۆژی پێنج شەممە ٢٠ی پووشپەڕی ١٣٩٨ لە لایەن لقی دووی دادگای کەیفەری شاری شنۆ یەک ساڵ زیندانی بەسەردا دەسەپێ.
هێمن ڕاغ کوڕی ڕەسووی مامەشێخ، سەرەتای ساڵی ١٣٩٨ لەلایەن هێزە ئیتلاعاتییەکانەوە دەسبەسەر و بە تۆمەتی پێوەندی دەگەڵ حیزبێکی کوردی دژبەری نیزام ١٨ مانگ زیندانی بەسەردا دەسەپێ و دوای راگرتن لە گرتنگەی ئیتلاعات بۆ زیندانی ئەو شارە دەگوازرێتەوە و لەبەر تەشەنە سەندنی کۆڕۆنا دووجار دەچتە مورەخەسی و کۆتایی بە حوکمەکەی دێت.
هەروەها، ڕۆژی دووشەممە ١٠ی خەرمانانی ١٣٩٩، بازید قادری چوپان دانیشتووی شاری نەغەدە دوای ئەوەیکە لەلایەن هێزەکانی ئیتلاعاتییەوە بەبێ هیچ بەڵگەیەکی قەزایی دەسبەسەر دەکرێ و بۆ گرتنگەی ئەو ئیدارەیە دەگوازرێتەوە، دوای زیاتر لە پەنجا ڕۆژ لێپرسینەوە بە دانانی بارمتە بە شێوەی کاتی لە زیندانی ئازاد دەکرێ.
تۆمەتی ناوبراو، هاوکاری دەگەڵ حیزبێکی کوردی دژبەری کۆماری ئیسلامی، بۆ هەڵبەستراوە.