چاونیوز: دوو هاونیشتمانی خەڵکی شاری شنۆ دوای تەواو بوونی لێپرسینەوەکەیان بە دانانی بارمتە و بە شیوەی کاتی ئازاد کران.
بەپێی هەواڵی چاونیوز، ئەمڕۆ شەممە ١٩ی ڕەزبەری ١٣٩٩، ڕەحیم ڕەفعەتی خەڵکی شاری شنۆ دوای تەواو بوونی لێپرسینەوە و پێڕاگەیاندنی تۆمەتی دەسبەسەر کرانەکەی(پیوەندی دەگەڵ حیزبە کوردییەکانی دژبەری کۆماری ئیسلامی)، لە گرتنگەیەکی هێزە ئیتلاعاتییەکان لە ورمێ بەدانانی بارمەتە بە شێوەی کاتی ئازاد کرا.
ڕەحیم ڕەفعەتی ڕێکەوتی ١٥ی خەرمانان لەلایەن هێزە ئیتلاعاتییەکانەوە دەسبەسەر کرابوو و دوای ٣٥ ڕۆژ ڕاگرتن و هیچ جۆرە چاوپێکەوتنێکی بنەماڵەکەی و بێ بەش بوون لە مافی هەبوونی پارێز، ئازاد کرا.
لەلایەکی دیکەشەوە، هاونیشتمانییەک بەناوی خەلیل شاهی بە تەواو بوونی ماوەی سێ ساڵ لە حوکمە بەسەردا سەپاوەکەی لە زیندانی شاری شنۆوە ئازاد کرا.
خەلیل شاهی لە پووشپەڕی ساڵی ١٣٩٥ەوە دەسبەسەر و بە تۆمەتی هاوکاری دەگەڵ حیزبێکی کوردی دژبەری کۆماری ئیسلامی شەش ساڵ زیندانی بەسەردا سەپا کە دواتر لە دادگای پێداچوونەوە حوکمەکەی بۆ سێ ساڵ کەم کرایەوە.