چاونیوز: ڕەشید ناسرزادە چالاکی ژینگەیی خەڵکی شنۆ بە پێبەندی ئەلێکترۆنی لە زیندان ئازاد کرا.
بەپێێ هەواڵی چاونیوز،ڕۆژی چوارشەممە ١٦ی ڕەزبەری ١٣٩٩، ڕەشید ناسر زادە چالاکی ژینگەیی و ئەندامی گروپی شاخەوانی شنۆ هەتا کۆتایی دەورانی زیندانییەکی لە ژێر چاوەدێری پێبەندی ئەلێکترۆنی لە زیندان ئازاد کرا.
ئەو چالاکە ژینگەییە پێشتر لە ٥ی مانگی گەلاوێژ، لەلایەن لقی ١٠١ی دادگەی کەیفەری دووی شاری شنۆ بە تۆمەتی “هەوڵ دان بۆ تێکدانی تەناهی وڵات و پڕۆپاگەندە بە دژی ئاسایشی ناوخۆی نیزام” شەش ساڵ حوکمی زیندانی بەسەردا سەپابوو کە دواتر لە دادگەی پێداچوونەوەدا ئەو حوکمە بۆ ١٨ مانگ کەم کرایەوە.
ناسر ڕەشیدازادە ڕۆژی سێشەممە ١٢ی سەرماوەزی ١٣٩٨ کاتێک لە هەرێمی کوردستانەوە دەگەڕاوە لە بازرەسی سێ ڕای پەسوێ لەلایەن هێزەکانی ئیتلاعاتەوە دەگیرێ و ٤٤ ڕۆژ لەژێر لێپرسینەوەدا دەبێ، دواتر بە بارمتەی ٢٠٠ ملیۆن تمەنی هەتا دادگایی کردنی ئازاد دەکرێ.