چاونیوز: حوکمی ئێعدامی موعین سەلاوەرزی زادە تاوانبار بە کوشتنی بەئانقەست دوای ٣٠ ساڵ زیندانی پەسند کرا.
بەپێێ هەواڵی چاونیوز، ڕۆژی دووشەممە ١٧ی خەرمانانی ١٣٩٩، حوکمی سیدارەی موعین سەلاوەرزی زادە، ٥٥ ساڵانە کوڕی محەمەد، خەڵکی ئاوایی حەوت کانی سەر بە شارستانی ئاودانان لە پارێزگای ئیلام کە لە بەندی ٤ی گشتی بەندیخانەی دەرەشار بە تاوانی کوشتنی بەئانقەستی برایەکەی گیرابوو، دوای نزیک بە ٣٠ ساڵ سەرگەردانی لەلایەن لقی ١٣ی دیوانی بەرزی وڵاتی ئێران پەسند کراوە.
موعین لە ٢٩ی گوڵانی ١٣٧٠، برایەکی خۆی بە ناوی “شامل سلاورزی زادە” لە شەڕێک دا کوشتبوو و لەو کاتییەوە هەتا بیست ڕۆژ لەمەوبەر لە چارەنووسێکی نادیار و سەرگەردانی دا مابۆوە.
سەرچاوەیەک باس لەوە دەکات کە، ڕۆژی چوارشەممە ٢ی ڕەزبەری ١٣٩٩، موعین بە تەلەفۆن دەگەڵ خزم و ناسیاوانی خۆی ئەو حوکمەی دیوانی بەرزی ئێرانی پشت ڕاست کردۆتەوە.
بەرپرسانی قەزایی هۆکاری سێدارەی ئەو زیندانییە بۆ بەدواداچوونەکانی ماڵ و مناڵی کوژراوەکە(شامل سەلاوەرزی زادە) دەگەڕێننەوە کە ئەو کات مناڵ بوونە و هەتا ئێستا ڕزایەتیان نەداوە و بگرە پێداگر بوونە لەسەر حوکمی تۆڵەسەندنەوە(قیساس).
جێگای ئاماژەیە. لە ماوەی ئەو سی ساڵەدا دایک و باوکی ئەو دوو برایە(کوژراو و بکوژ) کۆچی دواییان کردووە و هەموو بنەماڵەکانیان لەبەر یەک هەڵوەشاویتەوە و ماڵ و مناڵیان لە ئاوارەیی و سەرگەردانی و دوژمنایەتی دەگەڵ یەکتر بەڕێ کردووە.