چاونیوز: تەنیا لە کرماشان ٨٠ هەزار بەکارهێنەری مادەی هۆشبەر هەیە.
جێگری بەرپرسی ئەنجومەنی هەماهەنگیی بەربەرەکانێ لەگەڵ مادەی هۆشبەر لە پارێزگای کرماشان ڕایگەیاندوە لە پارێزگایەکی ٢ میلیۆن کەسی وەک کرماشان ٨٠ هەزار بەکارهێنەری مادەی هۆشبەر هەیە.
هەروەها ئەو بەرپرسە ڕایگەیاندوە ئەگەر ڕۆژانە هەر کەسێک یەک گرەم لە هەر جۆرێکی مادەی هۆشبەر بە کار بهێنێ، ئێمە ڕۆژانە لەگەڵ بەکار هێنانی ٨٠ کیلۆگرەم مادەی هۆشبەر لەو پارێزگایە بەرەو ڕووین، لێرەدایە کە دەبێ بپرسین ئایا دۆزینەوەی ڕۆژانەی ئێمە ٨٠ کیلۆگرەمە یان نا؟
جێی ئاماژەیە ژمارەی بەکار هێنەرانی مادەی هۆشبەر و گیان لەدەست دان بەو هۆیەوە لە ئێران ڕۆژ لە دوای ڕۆژ لە زیاد بووندایە، بە گوتەی توێژەرانی کۆمەڵناسی تەمەنی بەکار هێنەرانی ئەو مادەیە بۆ ٨ ساڵ دابەزیوە، بە پێی ئامارەکان زیاتر لە ١٤لەسەدی خەڵکی ئێران موعتادن و ڕێژەیەکی زۆر لەو بەکار هێنەرانە لە کچان و ژنان بە تایبەت ژنانی لاو، هەژار و بێکاری کۆمەڵگەن.
شایانی باسە لەگەڵ بڵاوبوونەوەی کۆرۆنا دۆخی گێرۆدە بووانی مادەی هۆشبەر زۆر خراپە و بەشی زۆریان تووشی ڤایرۆسەکە بوون و لەسەر شەقامەکان ماونەتەوە، هیچ لایەنێک ئاوڕیان لێ ناداتەوە و بۆ چارەسەری پزشکی ڕەوانەی ناوەندە دەرمانییەکان ناکرێن، لە لایەکی تریش ئەگەری بڵاوکردنەوەی ڤایرۆسەکەیان لە کۆمەڵگەدا هەیە.