چاونیوز: شاناز سادقی فەڕ، بەندکراوی سیاسی کورد کە هەشتەمین ڕۆژی مانگرتن لە خواردنی خۆی لە بەندیخانەی ئورمیە تێپەڕاند، باری تەندروستی ناجێگیر ڕاگەیەندراوە.
بە پێی هەواڵی چاونیوز وەرگیراو لە هەنگاو، شاناز سادقیفەڕ، بەندکراوی سیاسی کورد کە لە بەندیخانەی ناوەندیی ئورمیە ڕاگیراوە، لە ڕۆژی سێشەممە ٧ی گەلاوێی ١٣٩٩، بە نیشانەی ناڕەزایەتی دەربڕێن بە سەپاندنی حوکمی ١٥ ساڵ بەندکران لەلایەن دەزگای دادوەریی حکوومەتەوە، مانی لە خواردن گرتووە.
شاناز (بێریڤان) سادقیفەر ڕۆژی ٣١ی پووشپەڕ (٢١ی ژوئیە) لەلایەن لقی دووهەمی دادگای شۆڕشی ئورمیە بە سەرۆکایەتی دادوەر شەیخلوو موحاکمە و بە تۆمەتی ”ئەندامەتی لە پارتی ئازادی کوردستان (پاک)“ حوکمی ١٥ ساڵ بەندکرانی بە سەردا سەپا. ناوبراو لە ڕەوتی دانیشتنی دادگا لە مافی هەبوونی پارێزەر بێبەش بووە.
یەکێک لە نزیکانی بنەماڵەی سادقیفەڕ وێرای پشتڕاستکردنەوەی ئەو هەواڵە بە هەنگاوی ڕاگەیاند کە، شاناز مانگی خەرمانانی ساڵی ڕابردوو دوای ئەوەی لە پارتی ئازادی کوردستان جیابووەتەوە لە ئیدارەی ئیتلاعات ئەماننامەی وەرگرتووە و دواتر لە سنووری بانەوە گەڕاوەتەوە ئیران و لە کاتی دەستبەسەر کران بەڵێنییان پیدابوو کە تەنیا چەند ڕۆژ دەستبەسەر دەکرێت،بەڵام ١١ مانگە دەستەبسەر و ئێستاش حوکمی ١٥ ساڵ بەندکرانی بەسەردا سەپاوە و هەر بەو هۆیەش مانی لە خوارن گرتووە.
جێگای ئاماژەیە کە شانازی سادقیفەڕ ماوەی سێ ساڵ ئەندامی پارتی ئازادی کوردستان بووە و دژ بە ڕێکخراوی داعش شەڕی کردووە و لە شەڕانەش بریندار بووە و ئێستاش دوو پارچە ئاسن لە سەر دڵی ناوبراوە و پیویستی خێرای بە چارەسەریی پزیشکی هەیە. ناوبراو لە ماوەی ١١ مانگی ڕابردوودا لە هەر چەشنە خزمەتگوزارییەکی پزیشکی بێبەش بووە. ناوبراو پێشتر لە باشووری کوردستان نەشتەرگەریی بۆ کراوە و ئێستا برینەکانی چڵکیان کردووە و پێویستی خێرای بە چارەسەریی پزیشکی هەیە.
شاناز سادقیفەڕ پێشتر بۆ ماوەی سێ ساڵ ئەندامی پاک بووە و خەرمانانی ساڵی ڕابردوو دوای جیابوونەوە لەو حیزبە هاوڕێ لەگەڵ کچە تەمەن ١٧ ساڵانەکەی بە ناوی (ئایناز زارع) گەڕایەوە ئێران و هەردوویان لەلایەن هێزەکانی ئیدارەی ئیتلاعاتەوە دەستبەسەر کران.
ئایناز زارع، کچی شاناز لە لایەن دادگای تایبەت بە منداڵانەوە دادگایی کراوە و هێشتا حوکمەکەی پێ ڕانەگەیدنراوە.