چاونیوز: ڕێکخراوی لێبوردنی نێونەتەوەیی، ڕۆژی دووشەممە ١٣ی گەلاوێژی ١٣٩٩ لە ڕاگەیەندراوێکدا، هۆشداریی دا کە “ئەرسەلان خودکام” زیندانیی سیاسی مەترسیی ئێعدامی لە سەرە.
بە گوێرەی هەواڵی چاونیوز، ئەو ڕێکخراوەیە لە ڕاگەیەندراوەکەیدا، دادگایی کردنی ئەرسەلان خودکامی نادادپەروەرانە وەسف کرد کە دوای سێ دەقە دادگایی کردن و لێپرسینەوە بە تۆمەتی “سیخوڕی” حوکمی ئێعدامی بە سەردا سەپاوە.
ئەو ڕێکخراوە هەروەها ئاماژەی بە وتەکانی ئەرسەلان کردوە کە دەڵێ: لەژێر ئەشکەنجەدا ناچار بە دانپێدانان کراوە و ئەوەشیان کردوەتە بنەما بۆ جێبەجێ کردنی حوکمەکەی لە دادگادا.
بە گوتەی ئەو رێکخراوەی مافی مرۆڤ، ناوبراو ڕێگەی دەستڕاگەیشتن بە پارێزەری پێ نەدراوە.
ئەو ڕێکخراوە لە کۆتاییدا ئاماژەی بەوە کردوە کە سوود وەرگرتن لە سزای ئێعدام بە تۆمەتی سیخوڕی پێچەوانەی یاساکانی نێونەتەوەییە.
جێی ئاماژەیە، ئەرسەلان خودکام، ڕۆژی دووشەممە ٣ـی بانەمەڕی ١٣٩٩ لە حاڵێکدا ئەندامی سپای پاسداران بوو و بۆ بەجێ گەیاندنی ئەرکێکی ئەو ناوەندە ئەمنییە بەرەو شاری شنۆ ڕۆیشتبوو، بە تۆمەتی هاوکاری لەگەڵ حیزبێکی دژبەری کۆماری ئیسلامی دەستبەسەر کرا. ناوبراو مانگی گەلاوێژی هەمان ساڵ لە لایەن لقی ٣٢ی دادسەرای ورمێ حوکمی سێدارەی بە سەردا سەپێندرا و سپای پاسداران بەردەوام دەخوازێ هەرچی زووە لەسێدارە بدرێ، ناوبراو تا ئێستا لە بەندیخانەی ناوەندیی ورمێ ڕاگیراوە.