چاونیوز: بۆ پشتیوانی لە زارا محەممەدی مامۆستای زمانی کوردی و بەرپرسی ئەنجومەنی نۆژین لە شاری سنە کە حوکمی ١٠ ساڵ بەند کرانی بەسەردا سەپاوە، کۆمەڵەی منداڵانی کورد لە نۆروێژ ڕاگەیەندراوێکی بڵاو کردەوە کە لە بەشێکی ڕاگەیەندراوەکەدا هاتوە:
زۆر بە تونـدی ئیدانەی حوکمی دە ساڵ زیندانی زارا محەممەدی مامۆستای زمانی کوردی لە ڕۆژهـەڵاتی کوردستان لە لایەن دەزگای دادی ڕێژیمی کۆماری ئیسلامی دەکـەین و ئەم بڕیارە بە تاوانێکی ڕەگەزپەرستانەی کۆماری ئیسلامی بەرامبەر بە زمـانی کوردی، کە زمـانی پەنجـا میلـیۆن کـوردە دەزانین.
هەروەها لە بەشێکی تری ڕاگەیەندراوەکەدا هاتوە، زیندانیکـردنی مامۆستا زارا بە تۆمەتی فـێرکردنی منداڵانی کورد بە زمانی دایکـی تاوان نیـیە، فـێربـوون و خوێنـدن بە زمانی دایکی مافـێکی ڕەوای دانپێدانراوە لە لایـەن ڕێکخـراوی نێونەتـەوەیی نەتەوە یەکگرتووەکان و ڕێکخراوەکانی مافی مرۆڤ و مافەکانی منداڵان.
زیندانی کردنی مامۆستا زارا محەمەدی لە لایەن ڕێژیمی کۆماری ئیسلامییەوە تاوانە و پێشێلکردنی هەموو یاسا و ڕێسا نێودەوڵەتییەکان و مافەکـانی مرۆڤ و منـداڵانە.
هەروەها لە ڕاگەیەندراوەکەدا هاتوە کە زمانی کوردی زۆر لەوە گەورەترە، کە بە زیندانی کـردنی سەدان مامۆستای کورد بتوانـن ڕەگ و ڕیشەی هەڵـتەکێنن، زمانی کوردی لە نێو ناچـێ و دەمێنـێ.
داوا لە ڕێژیمی کۆماری ئیسلامی دەکەین کە بە زووتریـن کـات سزای زیندانیی مامۆستا زارا محەممەدی هەڵـبوەشێـنێتەوە و ئـازادی بکەن.
ئەم ڕێکخراوە هەروەها داواکارە لە هەموو دڵسـۆزانی گەل، کە پشتگـیری لە مامۆسـتا زارا محەممەدی بکەن و داوای ئازادکردنی بکەن.