چاونیوز: ژنە چالاکێکی مەدەنی خەڵکی بۆکان، حوکمی ٥ ساڵ زیندانی بەسەر داسەپا.
بە پێی هەواڵی گەیشتوو بە چاونیوز، “فاتیمە داوەند”، لە لایەن دادگای شۆڕشی مەهاباد بە سەرۆکایەتی قازی غوڵامی حوکمی ٥ ساڵ بەندکرانی بەسەردا سەپاوە.
ناوبراو بە تۆمەتی ” بەشداری لە کۆبوونەوەی ناڕەزایەتی و هاوکاری لە گەڵ حیزبێکی کوردستانی دژبەری ئێران” حوکمی بەندکرانی بە سەردا سەپاوە. بە وتەی سەرچاوەیەکی ئاگادار فاتیمە داوەند دەبێ تا مانگێکی دیکە بۆ تێپەڕاندنی ماوەی حوکمەکەی خۆی بە بەشی جێبەجکردنی حوکمەکان بناسێنێ.
فاتیمە داوەند، چالاکی مەدەنی لە شاری بۆکان، رۆژی شەممە ٢٥ی خەزەڵوەری ٢٧١٩( ١٦ی نوامبێری ٢٠١٩) لە کاتێکدا کە بریندار بووبوو، لە لایەن هێزە ئەمنییەتییەکانی ئێرانەوە دەستبەسەر کرا.
ناوبراو پاش دوو مانگ بۆ بەندیخانەی ناوەندیی ئورومیە گوازرابوویەوە و هاوکات لە گەڵ بڵاوبوونەوەی ڤایرۆسی کرۆنا بە بارمتەی یەک میلیارد و٥٠٠ میلیۆن تمەنی بە شیوەی کاتی و تا کاتی دادگاییکرانی ئازاد کرابوو.
فاتیمە داوەند چەندرۆژ پاش دەستبەسەرکران لە ژێر گوشاری ناوەندە ئەمنییەتییەکانی ئێران ناچار بوو بێتە سەر تی ڤی و دانپێدانانی زۆرەملێیان لێ وەرگرت و لە هەواڵەکانی ٢٠:٣٠ کاناڵی دووی دەنگو رەنگی کۆماری ئیسلامی دانپێدانانەکانی بڵاو کرایەوە. لەو دانپێدانانەدا ناوبراو وتی کە لە ناڕەزایەتییەکانی بۆکاندا بەشداری کردووە و جارێکیش سەردانی سلێمانی کردووە.