۲۶ی پوشپەڕی ساڵی ۱۳۹۹ ھەتاوی
آموزش وردپرس

بۆ زامەکانی سەردەشت

چاونیوز:

بە حەوت دا ئاسمانێک دووکەڵ!
بە شۆڕەبیەکانی کەنار “زێی بچووک”دا دەریایەک ژان
بە حەوت دا حەوت جاری تر ئەگەر سەددام هەڵواسن!
هێشتا سووکنایی زامی “سەردەشت” نایە
مەگەر چاو بادامیەکانی”هێرۆشیما”
لە ئازارت تێبگەن
مەگەر قەتارەی بارە سێوەکانی”هەڵەبجە”
بە گریانت ئاشنا بن
مەگەر “بێکەس”لە سەر شانی گۆیژەوە..
چامەی دڵنواییت بچڕێ
بە حەوت دا بریندارتر
بگرە بریندارتریش…
ئێرە شارێکە لە کۆخە و بلۆقی “خەردەل”
دار بەڕوەکانی زاگرۆس تا هەتایی
تۆزی ئەم غوربەتەیان لێ نیشتووە
بە حەوت دا تەواوی ڕۆژ ژمێرەکان سوور
بەم دەقەدا پێنووس کۆڵ و
شاعیر کۆڵەوارتر
ئاییییییی چە ناوەخت ئێوارەیەکی نەگریس و…
چ ناخۆش حەوتێکی لە ناکاو
بەردەم دەروازەی شار
حەوت جار کۆترەکانی سپی ئاشتی
حەوتەوانەی ئاوازێکی لە گەروودا خنکاو
حەوتی ئەم شارە لەهەموو حەوتەکانی دنیا حەوت ترە!

فەرهاد ساڵەحی فەر

#حەوتی_پووشپەڕ_لە_بیر_نەکەین

وەڵامێک بنووسە

پۆستی ئەلکترۆنیکەت بڵاو ناکرێتەوە . خانە پێویستەکان دەستنیشانکراون بە *

*

code