چاونیوز: ژمارەیەک لە بەندکراوانی ڕاگیراو لە بەندیخانەی ناوەندیی سنە تووشی پەتای کۆرۆنا بوون و بەرپرسانی بەندیخانەش بەندکراوانیان لە مافی مرەخەسی بێ بەش کردووە.
بە گوێرەی هەواڵی چاونیوز وەرگیراو لە هەنگاو، ڕۆژی چوارشەممە ٢٨ی جۆزەردانی ١٣٩٩، بەرپرسانی بەندیخانەی ناوەندیی سنە کۆبوونەوەیەکیان بۆ بەندکراوان گرتووە و ڕایانگەیاندووە کە چەندین بەندکراو تووشی پەتای کۆرۆنا بوون.
سەرچاوەکانی هەنگاو ڕایانگەیاندووە کە ژمارەیک لە بەندکراوانی بەندی ١ و ٢ و قورعانی بەندیخانەی سنە تووشی پەتای کۆرۆنا بوون، بەڵام هەتا ئێستا نە ئەو بەندکراوانە لە باقی بەندکراوانی دیکە جیا کراونەتەوە و نە کەرەستەی تەندروستی وەکوو خاوێنکەرەوە و ماسک بۆ بەندکراوان دابین کراوە.
هەروەها، بەرپرسانی بەندیخانە لە پێدانی مافی مرەخەسی بە بەندکراوان خۆ دەبوێرن و ئەمەش ناڕەزایەتی بەندکراوانی لێکەوتووەتەوە.