چاونیوز: لەدرێژەی ڕەشەبگیری لە شارستانی خانێ چەندین کەسی تریش لەلایەن هێزە ئیتلاعاتییەکان دەست بەسەرکران و چارەنووسیان نادیارە.
بەپێی هەواڵی گێشتوو بە ناوەندی مافی مرۆڤ بۆ ڕۆژهەڵاتی کوردستان، لە درێژەی ئەو بە کۆمەڵ گیران و گرتنانەی هێزە ئەمنییەکانی کۆماری ئیسلامی ئێران کۆمەڵێک خەڵک بە تاوانی نادیار بێ سەروشوێن کراون.
لە نوێترین دەستبەسەرکراوەکان دوو کەسن بە ناوەکانی رێبوار(نوید) سەیدمحەمەدی (هەواڵنێری گشتی فەرمانداری خانێ) و خالید سەید محەمەدی ٥٠ ساڵانە و ئامۆزای ڕێبوار لەلایەن هێزەکانی ئیتلاعاتی سپای پاسدارانەوە دوای بێ ڕێزی و گەڕان و پشکنینی ماڵەکانیان بۆ شوێنی نادیار ڕاگوازراون.
لەماوەی چەند ڕۆژی ڕابردوودا زیاتر لە بیست کەس لە خەڵکی شارەکانی بانە، مەریوان، شنۆ و خانێ دەسبەسەر کراون و هەتا ئێستا چارەنووسیان نادیارە.
ناوەندی مافی مرۆڤ بۆ ڕۆژهەڵاتی کوردستان لەهەمبەر ئەو بەکۆمەڵ گرتنانە نیگەرانی خۆی دەردەبڕێ و داوا لە لایەنە پێوەندیدارەکان دەکا بە دوای دۆسیە و ڕەوشی گیراوەکان بن و خەمیان لێ بخۆن.