چاونیوز: تێکدان و لەناوبردنی ژینگەی کوردستان بە شێوەی جۆراو جۆر بەردەوامە.
ماوەی چەند ساڵێکە کەسانی بەرژەوەندیخواز و باندی مافیایی سپای پاسدارانی کۆماری ئیسلامیی ئێران بە هەر شێوەیەک کە لە دەستیان بێ لە بڕینەوە و سووتاندنی دارستانەکانی کوردستان کەمتەرخەمیان نەکردوە.
لەنێوبردنی ژینگەی کوردستان بە مەبەستی تێکدانی ژینگە و دێموگرافی کوردستان، بەکارهێنانی بە مەبەستی دروستکردنی خەڵووز و ڕاگواستنی بۆ شارەکانی تری ئێران و بڕینەوەیان بە مەبەستی جێبەجێکردنی هەندێک پڕۆژە هەروەها تێکدانی ژینگە بە بیانووی پاراستن و بە ئەمنییەتی کردنی ناوچەکان و جێبەجێ کردنی مانۆڕە سەربازییەکانی سپای پاسداران بەردەوامە.
لەم پێوەندییەدا ئەنجومەنی سەوزی “چیا”ی مەریوان کە یەکێکە لە ئەنجومەنە چالاکەکانی شاری مەریوان و لەم پیوەندییەدا چالاکی بەڕێوە دەبا و بۆ پاراستنی ژینگە ڕێنمایی دەدەنە خەڵک، لە تازەترین بڵاوکراوەی ئەنجومەنەکە باسی لە تێکدان و بڕینەوەی دارستانەکان لە بەشی زۆری ئاواییەکانی مەریوان وەک، ئاوایی “نشکاش”، ” لەنجاوا”، “ڕەشەدێ” و ئەسراو” و دارستانەکانی ناوچەکانی دیکەی کوردستان کردوە.
شایانی باسە، دارستانەکانی زاگرۆس و لێرەوارەکانی کوردستان کە هەموو کات سەرچاوەیەکی گرینگی ئابووری و تەندروستی و سروشت و جوانی کوردستان بوون، ئەرکی پاراستنی کەوتۆتە ئەستۆی ئەنجومەن و ڕێکخراوە ژینگەپارێزییەکان و کەسانی دڵسۆز و نیشتمانپەروەر کە لە بەرانبەر ژینگەی کوردستاندا خۆیان بە بەرپرسیار دەزانن و خوازیاری ئەوەن کە خەڵک لەم پیوەندییەدا هاوکاریان بن و ڕێگە نەدەن دوژمنانی بەم شێوەیە ژینگەی کوردستان بشێوێنن.