چاونیوز: ڕۆژی پێنجشەممە ١١ی بانەمەڕ، ڕۆژێک بەر لە ڕۆژی جیهانیی کرێکاران، ئیدارەی ئیتلاعاتی سنە، چوار چالاکی کرێکاریی بانگهێشت کرد و بۆ ماوەی چەند کاتژمێر لێپرسینەوەی لەگەڵ کردن.
“شەیس ئەمانی، شەریف ساعدپەنا و هاوژینەکەی شەهلا دڵبینا” لەلایەن ئیدارەی ئیتلاعاتی سنە لە ڕێگای تەلەفۆنەوە بانگهێشتی ئەو ناوەندە حکوومەتییە کران.
ئیتلاعاتی سنە، لە کاتژمێر ١١ هەتا ٣ی دوانیوەڕۆ، لێپرسینەوەیان لەگەڵ کردبوون و هوشداریی بەو چالاکە کرێکارییانە دابوو کە لە هەر چەشنە چالاکییەک لە ڕۆژی جیهانیی کرێکاران خۆیان ببوێرن.
لەلایەکی دیکەوە، ئیدارەی ئیتلاعاتی سنە، “هاجەر سەعیدی”، چالاکی کرێکاری و ژنانی بانگهێشت و لێپرسینەوەی لێ کرد.
لەو پەیوەندییەدا، ڕۆژی چوارشەممە ١٠ی بانەمەڕ، لە بەرەبەری ڕۆژی جیهانیی کرێکاران، ئیتلاعاتی سپای پاسداران لە سنە دوو چالاکی کرێکاری و دوو کەسی دیکە بە ناوەکانی “موزەفەر ساڵح نیا” وێڕای هاوژینەکەی، بانگهێشتی ئەو ناوەندە حکوومەتییە کرد و لێپرسینەوەیان لەگەڵ کرد.
هەروەها هەمان ڕۆژ، دوو چالاکی کرێکاری بە ناوەکانی “ڕامین کەریمی و یووسف گرامی پەروەر” لە ڕێگای تەلەفۆنەوە بانگهێشتی ئیدارەی ئیتلاعاتی سنە کران.
ناوەندە حکوومەتییەکانی ئێران، هەموو ساڵێک لە کوردستان ژمارەیەک لە چالاکانی کرێکاری بانگهێشتی ئەو ناوەندە حکوومەتییە دەکەن و لێپرسینەوەیان لێ دەکەن.