چاونیوز: ئیدارەی پەروەردە و بارهێنان لە بەرەبەری ڕۆژی مامۆستایاندا، حوکمی کڕینەوە و دەرکرانی “محەممەد حەبیبی”، پاش ١٨ ساڵ ئەزموونی مامۆستایەتی و دوو ساڵ زیندان، بەبێ ڕۆژێک مورەخەسی، دەر کرد.
لە کاتێکدا کە “محەممەد حەبیبی” مامۆستایەکی هێژا کە لە ماوەی ١٨ ساڵ ئەزموونی مامۆستایەتیدا، لە ڕاستای دەستەبەرکردنی مافی مامۆستایان و قوتابییان هەنگاوی هەڵگرتووە، بەنیسبەت کاڵاییکردنی فێرکاری ناڕەزایەتیی دەربڕیوە و لەسەر دادپەروەری لە پەروەردە و بارهێنانی خۆڕایی پێداگریی کردووە.
هەر چەند “دەوڵەتی ئومید” بەبێ هیچ تەگبیر و ڕایەک “محەممەد حەبیبیـ”ـی لەسەر کارەکەی دەر کرد، بەڵام ئەمە بە واتای کۆتایی هەوڵەکان لە ڕاستای بەدیهێنانی دادپەروەری لە بارهێنان و پێشێلکراویی مافی منداڵان و مامۆستایان لە نیزامی بارهێناندا نییە.
ئەنجومەنی سێنفیی مامۆستایانی کوردستان وێڕای مەحکوومکردنی حوکمی کڕینەوە و دەرکردنی “محەممەد حەبیبی” لە مامۆستایەتی، داوا لە بەرسانی دادوەری و پەروەردە و بارهێنان دەکات کە پێداچوونەوە لە دۆسیەی ئەو مامۆستا ماندوونەناسەدا بکات.
ئەنجومەنی سێنفیی مامۆستایانی کوردستان
٣ی بانەمەڕی ١٣٩٩