چاونیوز: بە هۆی کۆرۆنا و کەمبوونەوەی کاری بیناسازی ٢٥ هەزار کریکار لە کرماشان بیکار بوون.
بەرپرسی گشتیی ڕێگاوبانی پارێزگای کرماشان “مەسعوود شەریفی” رۆژی سێشەممە ٢ی بانەمەڕی ٩٩ی هەتاوی لە کۆبوونەوەی بەرپرسانی ڕێگاوبان و شۆرای بیناسازیی کرماشاندا وتی: “بە هۆی پەتای کۆرۆنا و کەمبوونەوەی داهاتی خەڵک و هەروەها قەدەغەی هاتۆچوو ٢٥ هەزار کرێکاری بیناسازی لە پارێزگای کرماشان کارەکانیان لەدەستداوە و لە دۆخێکی خراپدا دەژین”.
ناوبراو وێڕای ئاماژە بەوەیکە زۆربەی ئەم کرێکارانە بیمەی بێکاریشیان نییە هەربۆیە ناتوانن لە بیمەی بێکاری کەڵک وەربگرن.
شایانی باسە کە پێش کۆڕۆناش پارێزگاکانی کوردستان بەرزترین ئاماری بێکاری و هەژارییان لە ئێراندا هەیە و ئەمەش دەگەڕیتەوە بۆ پشتگوێخستنی ئەم پارێزگایانە لە لایەن ڕێژیمەوە و بێجگە لە کرێکارانی بیناسازی دەیان هەزار کەس لە کرێکاران لە کارو پیشە جیاجیاکاندا یان بێکارن یان بژێوی ژیانیان ئەوەندە نییە کە بتوانن ژیانی ئاسایی خۆیان و بنەماڵەکانیانی پێ دابین بکەن.