چاونیوز: دوای بڵاو کردنەوەی وێنە و پێشان دانی دیمەنی بڕین و شێواندنی سرووشتی دارستانەکانی زاگرۆس، بەشێک لە ڕێکخراوە ژینگەپارێزییەکان و باقی دامەزراوەکانی تر لەهەمبەر ئەو زوڵمەی دژ بە دار و دەوەن و سرووشت دەکرێ، ڕاگەیاندراوی پرۆتستۆیان بڵاو کردۆتەوە.
گرووپی شاخەوانیی کاسارۆی مەریوان، یەک لەم ڕێکخراوانەیە کە بەم شێوەیە ڕاگەیەندراوێک بڵاو دەکاتەوە:
ژینگە بەشێکە لە جەستەی هەر شاخەوانێک کە بە نەبوونی، شاخەوان ماڵاوایی لە ژیانی دەکات.
بەداخێکی گرانەوە لە کاتێکدا کە مرۆڤایەتی سەرقاڵ و خەمباری نەخۆشینی کرۆنایە، لە شاری مەریوان دەردێکی زۆر گرانتر و وێرانگەرتر بە ناوی کاولکاری و دەرهێنانی دەوەن و بەتاڵان بردنی میراتی هەزاران ساڵە سەری هەڵداوە و دڵی تەواوی هاوشارییان و شاخەوانان و ژینگەدۆستانی هەژاندووە. بەم بۆنەوە گرووپی شاخەوانیی کاسارۆ وێڕای بە قیزەوەن ناساندنی ئەم ئەنفالە نوێیە، لەتەواوی ئەندامانی خۆی و سەرجەم شاخەوانان و ژینگەدۆستانی کوردستان داوا دەکات لەبەرانبەر ئەم کارەساتە دڵتەزێنەدا بێدەنگ نەبن و دەنگی خۆیان بەشێوەی بڵاوکردنەوەی وێنەی کاولکاریەکان، ئاگادارکردنەوەی هاوشارییان لە تۆڕە کۆمەڵایەتیەکان و…. بۆ پاراستی دارستانەکانی کوردستان هەڵبڕن.
گرووپی شاخەوانیی کاسارۆی مەریوان.