لە ماوەی سێ مانگی سەرەتای ساڵی نوێی زایینیدا لانیکەم 45 کۆڵبەر و کاسبکاری ناوچە سنوورییەکانی کوردستان بوونەتە قوربانیی سیاسەتی پەرەنەسەندنی کوردستان لە ڕووی ئابووری و رەفتاری دوژمنکارانەی کۆماری ئیسلامیی ئێران دەرحەق بە گەلی کورد.
بەپێی ڕاپۆرتی “چاونیوز”، ئۆرگانی ناوەندی مافی مرۆڤی ڕۆژهەڵاتی کوردستان لەو 45 کۆڵبەر و کاسبکارە 16 کاسبکاریان بە تەقەی ڕاستەوخۆی هێزە چەکدارەکانی کۆماری ئیسلامیی ئێران یان بەربوونەوە لە بەرزایی لە ئاکامی ڕاوەدوونانی هێزە چەکدارەکانی کۆماری ئیسلامی یان مانەوە لە ژێر ڕنوو و شەختە و سەرمای کوێستانەکاندا گیانیان لە دەست داوە. هەروەها 37 کەس لەوانیش بە هەمان هۆکارەکانی ئاماژەپێکراو بریندار بوون و دەیان سەر ئەسپ و ئێستری ئەو کاسبکارانەش بە کوشت چوون و دەست بەسەر چەندین میلیارد تمەن بار و کەلوپەلیان داگیراوە.
کوژران و برینداربوونی 37 کاسبکار لە وەرزی یەکەمی 2020 لە حاڵێکدایە کە هێزە چەکدارەکانی کۆماری ئیسلامی لە ساڵی 2019شدا 252 کەس لەو کاسبکارانەیان دابووە بەر دەستڕێژی چەکەکانیان کە 81 کەسیان کوژرابوون و 171 کەسیشان بریندار ببوون.