چاونیوز/ کۆچبەران دوای ئەوەیکە لە تورکیە و دۆخی نالەباری ئەو وڵاتە ڕزگاریان بوو، ئێستا لە وڵاتی یوونان لە ژێر فشار و ئازاردان.
لەلایەکەوە پۆلیسی یوونان بە سەرکوت و دوورخستنەوەی پەناخوازان دەیەوێ بیانگەڕینێتەوە دواوە و لەلایەکی دیکەشەوە یەکیەتیی ئورووپا نایەوێ هیچ کۆچبەرێک لە وڵاتانی ئورووپایی وەربگرێ. هەندێک لەو کۆچبەرانە ماوەی چەند ساڵێکە چاوەڕوانن ڕێگەیان بۆ بکرێتەوە و لەو دۆخە ڕزگاریان بێت. دوای ئەوەیکە وڵاتی تورکیە ڕێگەی بۆ کۆچبەران بەرەو یوونان کردەوە، کۆچبەرێکی زۆر ڕووی کردە وڵاتی یوونان و پۆلیسی ئەو وڵاتەش بۆ پێشگرتنیان هێزێکی زۆری ڕەوانەی سنوورەکانی کرد. ئەو پەناخوازانە کە دەیانەوێ لە یوونان بپەڕنەوە، لە دۆخێکی دژواردان. نەبوونی شوێنی حەسانەوە، نەبوونی دەرمان و خواردن و زۆر شتی دیکە و جگە لەوەش جارێ نە ڕێگەی ڕۆیشتن هەیە و نە ڕێگەی گەڕانەوەش بەرەو وڵاتی تورکیە.
جێی ئاماژەیە کە یەکیەتیی ئورووپا ڕۆژی پێنجشەممە ٢٢ـی ڕەشەمە ڕایگەیاند کە هەر پەناخوازێک کە ئامادە بێ بگەڕێتەوە بۆ وڵاتەکەی و یوونان بەجێ بێڵێ، دووهەزار یۆرۆی وەک یارمەتیی پێدەدرێ.
“یلوا یوهانسون”، کۆمیسێری کاروباری ناوخۆیی یەکیەتیی ئورووپا ڕایگەیاندووە کە ئەو بڕە یارمەتییە تەنیا بەو کەسانە دەدرێ کە پێش لە مانگی ژانوییەی گەیشتوونەتە یوونان.
شایانی باسە کە ڕێژەی زۆری کۆچبەران بووەتە هۆی سازبوونی قەیرانێک بۆ وڵاتانی ئورووپایی و بەپێی ئامارەکان ئێستا ٤٢ هەزار کۆچبەر لە کەمپەکانی دوورگەکانی یووناندان کە ١٤ هەزار کەسیان مناڵن و ژیانێکی سەخت و دژوار تێپەڕ دەکەن.