۲۳ی گەلاوێژی ساڵی ۱۳۹۹ ھەتاوی
آموزش وردپرس

دوو بەندکراوی دیکەش بە گومانی گیرۆدەبوون بە نەخۆشی کرۆنا لە قەرەنتینە کران

چاونیوز: دوو بەندکراو بە ناوەکانی سەلمان سولەیمان‌یژاد و ڕەشید عەزیزی بە گومانی گیرۆدەبوون بە ڤایرۆسی کرۆنا ڕۆژی هەینی ڕابردوو لە بەندیخانەی ناوەندی ورمێ قەرەنتینە کران.
ئەو دووبەندکراوە چەند ڕۆژلەمەوبەر بۆ چارەسەری و پشتراستبوونەوە لە نەخۆشییەکەیان، ڕەوانەی نەخۆشخانە لە دەرەوەی بەندیخانە کرابوون. بەو دوو بەندکراوەوە، ئێستا ٥ بەنکراو لە بەندیخانەی ورمێ لە قەرەنتینەدان و بەرپرسانی زیندان هیچ وەڵامێکیان بۆ تێستی گیرۆدەبوونی بەندییەکان نەداوەتەوە.
جێی ئاماژەیە دوو بەندکراوی دیکە بە ناوەکانی مەهدی ڕەسووڵی و محەممەدی قەنبەردووست کە پێشتر بۆ تێستی کڕۆنا بۆ دەرەوەی بەندیخانە ڕەوانەکرابوون، پاش ئەوەی دەرکەوت کێشەی کڕۆنایان نییە گەڕێندرانەوە بۆ بەشی نێوخۆیی بەندیخانەی ورمێ.
هەر لە زیندانی ورمێ و پاش بەڵێنی بەرپرسان، بەندکراوانی بەندی ١٥ی ئەو زیندانە کە لە ڕۆژی پێنجشەممەوە بۆ ناڕەزایەتی دەربڕیین لەگەڵ ئیزن نەدانی کاتی بۆ مورەخەسی وازیان لە وەرگرتنی خواردن هێنابوو، کۆتاییان بە مانگرتنی خۆیان هێنا.
شایانی باسە لەگەڵ بڵاوبوونەوەی خێڕای ڤایروسی کڕۆنا لە شارەکانی ئێراندا، بنەماڵەی بەندیکراوان بە ناردنی نامە بۆ بەرپرسانی دەزگای دادی ڕێژیم داوایان کردبوو کە بۆ پاراستنی کەس و کاریان لە بەندیخانەکان، بەندکراوەکان بەشێوەی کاتی ئازاد بکەن، بەڵام وەڵامی دەزگای دادی کۆماری ئیسلامی هەتا ئێستا ئەرێنی نەبووە و بەندییەکان، بەتایبەت بەندییە سیاسییەکان هەڕەشەی کرۆنایان لەسەرە و گومان هەیە کە ڕێژیم بەئانقەست ئەوان تووشی ئەو نەخۆشییە بکا و بەمچەشنە، تۆڵەیان لێبکاتەوە و خۆی لە کێشەی ئەوان ڕزگار بکات.
شایانی باسە زۆرێک لە بنەماڵەی بەندکراوەکان لە بەندیخانەکانی ورمێ، سنە، کرماشان، رەجایی‌شاری کەرەج و ئەهواز باسیان لە کەمی پێداویستییە دەرمانییەکان و مەترسی ڕوودانی کارەساتی مرۆیی کردووە لە ئەگەری تووشبوونی بەندییەکان بە ڤایروسی کڕۆنا.

وەڵامێک بنووسە

پۆستی ئەلکترۆنیکەت بڵاو ناکرێتەوە . خانە پێویستەکان دەستنیشانکراون بە *

*

code