چاونیوز: نەجەف مێهدی پوور رۆژنامەوانی خەڵکی ئیلام لە زیندانی “درەشهر” ئازاد کرا.
بە پێی ڕاپۆرتی ناوەندی دێموکراسی و مافی مرۆڤی کوردستان، ڕۆژی سێ شەممە، ٦ی ڕەشەمەی ٩٨، “نەجەف مێهدی پوور” خاوەنی ئیمتیازو بەڕێوەبەرو بەرپرسی دوو هەفتەنامەی ڕاگیراوی “باخترزمین”، بە بەخشینی دوو مانگ لە حوکمە یەک ساڵەکەی لە زیندانی “درە شهر” ئازاد کرا.
ناوبراو پێشتر ڕۆژی شەممە،٩ی خەرمانانی ٩٨ لە زیندانی ئەو شارە بۆ زیندانی ئیلام ڕاگوێزراو دواتر دوای یەک مانگ مانەوە جارێکی تر ڕەوانەی زیندانی “درەشهر” کرایەوە.
جێی ئاماژەیە، ئەو زیندانییە لە مانگی بانەمەڕی ٩٨، حوکمی یەک ساڵ بەندکرانی بە تۆمەتی “بێڕیزی بە ڕێبەری نیزام و بانگەشە دژی نیزام” لە لایەن لقی ٥ی دادگای پێداچوونەوەی پارێزگای ئیلام بەسەردا سەپا و لە ١١ی جۆزەردان دەسبەسەرکراو بۆ کێشانی ماوەی حوکمەکەی ڕەوانەی زیندان کرا.
شایانی باسە، نەجەف مێهدی پوو،٣٠ی بانەمەڕی ٩٧، بە تۆمەتی ” بێڕێزی بە ڕێبەری نیزام و بانگەشە دژی نیزام” دەسبەسەرو دوای لێکۆڵینەوە بە شێوەی کاتی تا ماوەی دادگاییەکەی ئازاد کرابوو.
ناوبراو، ڕۆژی سێ شەممە، ١٣ی خەرمانانی ٩٧، بۆ دادگای شۆڕشی ئیلام گوازرایەوەو بە هەمان تۆمەت حوکمی یەک ساڵ زیندانی تەعزیری بەسەردا سەپاو لە ١ی بانەمەڕ لە داداگای پێداچوونەوە حوکمەکەی پشتڕاست کرایەوە.
پاشان لە ڕۆژی ١١ی جۆزەردانی ٩٨، بۆ کێشانی ماوەی حوکمەکەی ڕەوانەی زیندانی “درەشهر”کراو لە ماوەی دەسبەسەرکرانیدا یەک جار لە ڕۆژی ٥ی گەلاوێژ مەرەخەسی پێدرابوو و لە ڕۆژی سێ شەممە ١٥ی گەلاوێژ بۆ جارێکی تر ڕەوانەی زیندان کرابووەوە.