حوسێن سەفامەنش، هونەرمەندی ناوداری خەڵکی کرماشان هەڵوێستی خۆی لەبارەی پرسی کۆڵبەران دەربڕی.
ئەو هونەرمەندە ناودارەی کورد، لە کۆنسێرتێکدا کە چەند ڕۆژی ڕابردوو لە تاران بەڕێوەچوو، ڕەخنەی لە کاربەدەستانی کۆماری ئیسلامیی ئێران گرت.
ناوبراو لە وتەکانیدا ئاماژەی بە دۆخی خراپی کۆڵبەران کرد و وتی: “خەڵکی کورد تا کەی دەبێت ئازار بکێشن، سامانێکی گەورەمان لە نەوت هەیە، بەڵام هەر شەو وێنەیەک لە تەرمی کۆڵبەرێک دەبینین کە لە ژێر بەفر دەریانهێناوە”
حوسێن سەفامەنش، هونەرمەندێکی ناودارو نیشتمانپەروەری ڕۆژهەڵاتی کوردستانە کە لە بەرابەر هەموو پرسە گرینگەکانی کۆمەڵگە هەڵوێستی هەبووەو هەوڵی داوە ئەرکی نیشتمانیی و نەتەوەیی خۆی بەجێ بگەیەنێت، ناوبراو چەندین کۆنسێرتی خێرخوازی بەڕێوەبردووەو یەکێک بوو لەو کەسانەش کە لە کاتی بوومەلەزرەکەی کرماشاندا هەوڵی کۆکردنەوەی هاوکاری بۆ ناوچە بوومەلەزەلێدراوەکان دەدا.