دادگای پێداچوونەوە بە پەروەندەی دوو چالاکی کرێکاری لە سنە بەرێوەچوو.
رۆژی ١٦ی رەشەممەی ٩٥، دوو چالاکی کرێکاریی شاری سنە بە ناوەکانی مەحموود ساڵحی و عوسمان ئیسماعیلی لە دادگای پێداچوونەوەی پارێزگادا دادگایی کرانەوە.
مەحموود ساڵحی، لە دادگای سەرەتایی لە خەرمانانی ساڵی ڕابردوودا بە تۆمەتی پێکهێنانی کۆڕ و کۆبوونەوەی نارەزایەتیدەربرین و تەبلیغ لە دژی نیزام دادگایی و سزای 9 ساڵ زیندانیی بەسەردا سەپا.
سەپاندنی سزای 9 ساڵ زیندان بەسەر مەحموود ساڵحی لە کاتێکدایە کە ناوبراو دەبێ حەوتووی دوو جار دیالیز بکرێ و بە مەبەستی چارەسەری دەرمانی ماوەی چەند کاتژمیرێک لە نەخۆشخانە بمێنێتەوە.
بەندکراوێکی دیکەی ئەو پەروەندەیە عوسمان ئیسماعیلییە کە ڕۆژی 8ی بانەمەڕی ساڵی رابردوو لە شاری سەقز لە لایەن هێزە لیباس شەخسیەکانەوە دەسبەسەر کرا.
ناوبراو لە دادگای شۆڕشی شاری سەقزدا بە تۆمەتی بەشداری کردن لە رێورەسمی رۆژی جیهانی کرێکاران دادگایی و سزای ساڵێک زیندانیی بەسەردا سەپا.