دوو کۆڵبەری کورد بە تەقەی ڕاستەوخۆی هێزە چەکدارەکانی کۆماری ئیسلامی بە سەختی بریندار بوون.
ڕۆژی ١٤ی بەفرانباری ٩٨ی هەتاوی، هێزە چەکدارەکانی کۆماری ئیسلامیی ئێران لە بەرزاییەکانی “گڕبران” لە ناوچەی ” قوتوور” سەر بە شاری خۆی، تەقەیان لە دەستەیەک لە کۆڵبەران کرد و لە ئاکامی تەقەی ئەو هێزانەدا دوو کۆڵبەر بە ناوەکانی ” بێهنام عەلیزادە” تەمەن ٢٠ساڵ و “عەلی یوسفی” تەمەن ٢٥ ساڵ بە سەختی بریندار بوون و بۆ چارەسەری برینەکەیان ڕەوانەی نەخۆشخانە کران.
بە وتەی یەکێک لە کۆڵبەران لە بەرزاییەکانی “گڕبران” لە سنوورەکانی ئێران و تورکیە، لە مەودایەکی زۆر نزیک و بەبێ ئاگادارکردنەوەی پێشوەخت تەقەیان لێکراوە.
شایانی باسە بەشێکی بەرچاو لە خەڵكی ناوچە سنوورییەکانی کوردستان لە بەر نەبوونی کار و ناکارامەیی کاربەدەستان و گرینگی پێنەدان بە کوردستان، بۆ دابینکردنی بژیوی ژیانی ڕۆژانەی خۆیان بە ناچار ڕوو دەکەنە کاری کۆڵبەری کە لە مێرمناڵی تەمەن ١٤ ساڵ، ژن، پیاوی بە تەمەن و کەسانی خوێندەوار سەرەڕای وەرگرتنی بڕوانامە لە ئاستی باڵادا دیسانیش ڕوویان کردۆتە کۆڵبەری و ساڵانە بە سەدان کەس لەو ڕێگایەدا بە هۆکاری جوراوجۆ ر گیانیان لە دەست دەدەن.
بەپێی ئامارەکان لە ماوەی یەک ساڵی رابردوودا ٢٥٢ کۆڵبەر و کاسبکاری کورد بە تەقەی ڕاستەوخۆی هێزە چەکدارەکانی ڕێژیم، بەربوونەوە لە بەرزایی، لە سەرما ڕەق هەڵاتن و ڕاوەدوونانیان لە لایەن ئەو هێزانەوە کوژراو بریندار بوون.