لە وەرزی پاییزی ئەمساڵدا سەدان کەس بەهۆی چالاکیی ئەمنیەتی دژی کۆماری ئیسلامی گیراون کە ناوەندی مافی مرۆڤی ڕۆژهەڵاتی کوردستان ناو و نیشانی 394 کەس لەوانی ئاشکرا کردوە.
لە ماوەی ئەم سێ مانگەدا جیا لەو 218 کەسەی لە ڕەشبگیرەکەی کۆتایی مانگی خەزەڵوەردا گیرابوون و ناوەکانیان بۆ ناوەندەکانی مافی مرۆڤ ئاشکرا ببوو، 176 کەس لە شارە و ناوچە جیاوازەکانی کوردستان لەلایەن دەزگا ئەمنیەتییەکانەوە بە تۆمەتی چالاکیی ئەمنیەتی و سیاسی لە دژی کۆماری ئیسلامی و بەرژەوەندییەکانی ئەو ڕێژیمە گیراون. ژمارەیەک لەوان دوای لێکۆڵینەوە و لێپێچینەوەکانی ناوەندە ئەمنیەتییەکان تا کاتی دادگاییکرانیان بە دانانی بارمتە ئازاد کراون و 36 کەس لەوان حوکمی لە 4 مانگ تا 118 ساڵ (سەرجەم 336 ساڵ و 8 مانگ، بە واتایەکی دی 4040 مانگ) زیندانیان بەسەردا سەپاوە.
گرتنی 176 کەس و حوکمدانی 36 کەس لەوان لە ماوەی سێ مانگی پاییزی ئەمساڵ لە حاڵێک دایە کە له ماوهی سێ مانگەی هاویندا لانیکهم 216 کهس و لە وەرزی بەهاریشدا 106 چالاکی سیاسی و مەدەنی لە کوردستان لەلایەن ناوەندە ئەمنیەتییەکانەوە دەسبەسەر کرابوون و بە لەبەرچاوگرتنی ئاماری ئەو 218 کەسەی لە ڕەوتی ناڕەزایەتییەکانی مانگی خەزەڵوەردا گیرابوو و ناوەکانیان ئاشکرا ببوو، ژمارەی ئەو کەسانەی لە کوردستان لە سەرەتای ئەمساڵەوە بە تۆمەتی چالاکیی ئەمنیەتی لە دژی کۆماری ئیسلامی گیراون، لە 716 کەس تێپەڕیوە.