ئەمڕۆ ڕێکەوتی 17 تشرینی دووه‌م ساڵی 2019 زایینی
آموزش وردپرس

میراتێک لە باوکەوە بۆ کوڕ

کانی عەباسی

کوژرانی پەیمان یووسفی، کۆڵبەرێکی خەڵکی سەردەشت لە تۆڕە کۆمەڵایەتییەکاندا دەنگدانەوەیەکی زۆری هەبوو. پەیمان یووسفی، خەڵکی گوندی «دەرمان ئاوێـ»ـی شاری سەردەشت کە ڕۆژی هەینی، ١٠ی خەزەڵوەر لە یەکێک لە نەخۆشخانەکانی شاری ورمێدا گیانی لەدەست دا، مانگێک پێشتر (12ی ڕەزبەر) بەهۆی تەقەی ڕاستەوخۆی هێزە چەکدارەکانی کۆماری ئیسلامی بەتوندی بریندار ببوو.
«عوسمان موزەیەن»، پارێزەری کوردی لە نووسینێکدا لەژێر ناوی «باوک و کوڕ کە گیانیان لەسەر کۆڵبەری دانا»، باسی لە مەینەتییەکانی ئەم بنەماڵەیە کردوە و دەڵێ: «ئەو کۆڵبەر بوو، چونکە هیچ ڕێگایەکی بۆ دابینکردنی بژیویی ژیانی شک نەدەبرد و ناچار وەکوو خەڵکی دیکەی ئەو ناوچەیە ڕێگای کۆڵبەریی لە پێش گرت و لەو ڕێگایەشەوە گیانی لەدەست دا.» ئەو لە درێژەدا نووسیویەتی: «با بۆ ٣٠ ساڵ پێش بگەڕێینەوە و بزانین باوکی «پەیمان» چ پیشەیەکی هەبووە و چۆن منداڵە ساواکانی بەبێ سەرپەرست و تەنیا بەجێ هێشت. باوکی «پەیمان» ناوی «یووسف» بوو کە لە ساڵی ٦٨ و لە هەمان ناوچە خەریکی کۆڵبەری بوو. لەگەڵ دوو براکەی بە ناوەکانی «ساڵح و محەممەد» و ١٨ کۆڵبەری دیکە، بەهۆی هاتنی ڕنوو گیانی لەدەست دا. هەر لەو ڕۆژەدا ٢١ کۆڵبەری خەڵکی دەرمانئاوێ، گیانیان لەدەست دا.»
ئەو پارێزەرە لە کۆتایی نووسینەکەیدا باس لەوە دەکا «کەسانێک کە ڕوو لە پیشەی کۆڵبەری دەکەن، چارەنووسێکیان بێجگە لە مردن نییە، مردن بەهۆی تەقەی هێزە نیزامییەکان، بەربوونەوە لە بەرزایی، تەقینەوەی مین و هەتا دوایی و، ئەگەر هیچ‌کام لەو هۆکارانە هۆکاری گیانلەدەستدانی کۆڵبەران نەبن، بەدڵنیاییەوە، دوای چەند ساڵ کارکردن هێز و توانای کارکردنیان نامێنێ، یان کەمئەندام دەبن و لە سووچێکی ماڵ یان نەخۆشخانە ژیان تێدەپەڕێنن. بەڵێ، پەیمان کۆڵبەری لە باوکییەوە بە میرات بردبوو و، ئەمەیە چارەنووسی کۆڵبەران.»
ئامارەکانی ناوەندی مافی مرۆڤی ڕۆژهەڵاتی کوردستان دەڵێن لە سێ مانگی بەهاردا 56 و لە وەرزی هاوینیشدا 66 کۆڵبەر و کاسبکار لە پێناو پارووە نانێکدا کوژرابوون و بریندار بوون. لە ماوەی یەک مانگ و نیوی پاییزیشدا 45 کۆڵبەر و کاسبکار کەوتوونەتە بەر دەستڕێژی هێزە چەکدارەکانی ڕێژیم و بەوەش ژمارەی ئەو کۆڵبەرانەی لە سەرەتای ئەمساڵەوە تا ئێستا کوژراون و بریندار بوون، گەیوەتە 167 کەس. هەروەها لە ماوەی ساڵی ڕابردوو (97ی هەتاوی)دا لانیکەم 242 کۆڵبەر و کاسبکاری کورد بەهۆی تەقەی ڕاستەوخۆ، تەقینەوەی مین، بەربوونەوە لە بەرزایی لە سۆنگەی ڕاوەدوونان و هەروەها ڕەق‌هەڵاتن لە سەرما گیانیان لەدەست داوە و بریندار بوون. وردەکارییەکان دەریدەخەن کە لەو 242 قوربانییەی ئەمساڵ 80 کەسیان کوژراون و گیانیان لە دەست داوە، هەروەها 162 کەسیش بریندار بوون.
ئەوەی لەو پێوەندییەدا جێی داخە خەمساردی و بێ‌تەفاوەتیی کۆمەڵگەیە. محەممەد سدیق کەبوودوەند، چالاکی مەدەنیی کورد کە لەپێناو بەرگری لە مافی مرۆڤدا 11 ساڵ خرایە بەندیخانەوە، لە پێوەندی لەگەڵ بەردەوامیی کوژران و بریندار بوونی کۆڵبەران بەداخبوونی قووڵی خۆی ڕاگەیاندوە. ئەو دەڵێ کوشتنی کەسانێک کە کەرامەت و شەڕافەتی خۆیان لە کۆڵ ‌ناوە و بۆ بەدەست هێنانی لانیکەمی بژیوی ژیانیان دەکوژرێن، زۆر جێی ‌داخ و کارەساتبارە، بەڵام لەوە ناخۆشتر بێدەنگی و خەمساردیی بەشێکی بەرچاو لە داکۆکیکارانی مافی مرۆڤە بە نیسبەت کوژرانی کۆڵبەرانی کورد.
هەر لە پێوەندی لەگەڵ کارەساتی کۆڵبەرکوشتن حوسێن ئەحمەدی نیاز لە دیمانەیەکدا لەگەڵ تەلەڤزیۆنی کوردکاناڵ ڕایگەیاند؛ کە بێهەڵوێستیی پارێزەران و نوێنەرانی مەجلیس و نەبوونی یەکیەتی لە بەرگری لە کۆڵبەران هۆی سەرەکیی بەردەوامیی کۆڵبەرکوژییە لە کوردستان.
ئێستا قسە ئەوەیە: لە کاتێکدا ئێستاش بەشی کورد لە عەداڵەت و ماف لە کۆماری ئیسلامی کوشت‌‌وبڕ و سەرکوت و یەک لەوان قڕکردنی کۆڵبەرانە، لە کاتێکدا پرسی بووژاندنەوەی ئابووریی کوردستان هەمیسان پشتگوێ خراوە و هەناسەی کۆڵبەران هەروا سوارە، با بە هاناوەچوونی کۆڵبەران خەمی گشتی و ئەرکی هەموو لایەک بێ.
وەدەنگهاتن لە تەقەکردن لە کۆڵبەران و کردنی بە پرسێکی گشتیی کۆمەڵگە دەتوانێ فشارێک بێ کە ڕێگە نەدا هێزە چەکدارەکان بێ سڵکردنەوە و تەنانەت گوێدان بە قانوونەکانی بەکارهێنانی چەک درێژە بە کوشتاری کۆڵبەران بدەن. هەرووەها داوای کردنەوە و پەرەپێدان بە دەروازە سنوورییە ڕەسمییەکان و کارئاسانی بۆ هاتوچۆی کۆڵبەران دەتوانێ کەمێک لە قورسایی خەمەکانیان کەم کاتەوە.

وەڵامێک بنووسە

پۆستی ئەلکترۆنیکەت بڵاو ناکرێتەوە . خانە پێویستەکان دەستنیشانکراون بە *

*

code