لە سەرەتای مانگی پاییز و لە ماوەی دوو ڕۆژدا لانیکەم 7 زیندانیی کورد لە زیندانەکانی ورمێ و سنە و ڕەجاییشاری کەرەجدا ئێعدام کراون.
بەپێی ڕاپۆرتی چاونیوز، ماڵپەڕی ناوەندی مافی مرۆڤ بۆ ڕۆژهەڵاتی کوردستان لە ڕۆژی چوارشەممە، 3ی ڕەزبەردا 5 بەندکراوی کورد بە ناوەکانی عەلی عەمی زادە، خەڵکی سەڵماس؛ ڕەئووف ئازادیخوا، خەڵکی مەڕگەوەڕی ورمێ؛ شەماڵ ئەحمەدیپوور و شەهابەدین محەممەدپوور، خەڵکی ورمێ؛ موجتەبا سولەیمانی، خەڵکی کرماشان و سوڵتان فەتحی ڕاد، کوردی خەڵکی بروجێرد لە زیندانەکانی ورمێ و رەجاییشاری کەرەجدا ئێعدام کراون. ڕۆژی پێنجشەممە، 4ی ڕەزبەریش ژنێک لە سنە بە ناوی لەیلا زەرئەفشان دوای 5 ساڵ بەندکرانی لە زیندانی ناوەندیی ئەو شارەدا لە دار درا.
ئەو 7 کەسە بە تۆمەتی کوشتنی بەئانقەست و تۆمەتەکانی پێوەندیدار بە مادەی هۆشبەر ئێعدام کراون و بە ئێعدامکرانی ئەو 7 کەسە ژمارەی ئە کەسانەی لە سەرەتای ئەمساڵەوە هەتا ئێستا لە کوردستان و بە بڕیاری دەزگای قەزایی ئێعدام کراون، گەیوەتە 28 کەس. لە ماوەی سێ مانگی هاوینی ئەمساڵدا ئەوەندەی زاندرا 14 زیندانیی کورد له زیندانهکانی ئێراندا له سێداره دران و دەزگای قەزایی کۆماری ئیسلامی لە ماوەی سێ مانگی بەهاریشدا لانیکەم 7 بەندکراوی کوردی لە زیندانەکانی سنە، کرماشان، زەنجان و مەراغە و زەنجاندا لە دار دابوو. شایانی باسە دەزگای قەزایی کۆماری ئیسلامی ساڵی ڕابردووش لانیکەم 49 زیندانیی کوردی لە دار دابوو کە بەنیسبەت ئاماری ئێعدامەکان و حەشیمەتی کورد لە ئێران، ئەژمارێکی لەسەرێیە.
ڕێکخراوی لێبوردنی نێونەتەوەیی دەڵێ کۆماری ئیسلامیی ئێران لە ساڵی ١٣٥٧ ڕا هەتا ساڵێ ١٣٩٥ی هەتاوی پتر لە ٦١ هەزار کەسی لەو وڵاتەدا لەدار داوە. مەسەلە ئەوەش نییە کە کاربەدەستانی کۆماری ئیسلامی حاشا لە ئێعدامەکان _ چ ئێعدامە سیاسی یان نا سیاسییەکان_ بکەن، بەڵکوو بە دەگمەن نەبێ هەر هەموویان بەرگریی لێ دەکەن و ئەو جینایەتانەیان بۆ مانەوەی ڕێژیمەکەیان بە پێویست زانیوە.