چالاکێکی کرێکاری کوردی خەڵکی شاری سنە، بۆ تێپەڕاندنی ماوەی حوکمەکەی، ڕەوانەی زیندانی ناوەندیی شاری سنە کرا.
بەپێی سەرچاوەکانی هەواڵ، ڕۆژی دووشەممە، ١ی ڕەزبەری ٩٨ی هەتاوی، “خەلیل کەریمی”، چالاکی کرێکاری کە لە لایەن دادگای پێداچوونەوەی شاری سنە بە ٢ مانگ زیندانیی تەعزیری مەحکووم کرابوو، ڕەوانەی زیندانی ناوەندیی کرا.
“یەدوڵڵا کەریمی”، برای ئەو چالاکە کرێکارییە، وێڕای پشتڕاستکردنەوەی ئەو هەواڵە، ڕایگەیاند: “خەلیل کەریمی یەکێک لە چالاکانی کرێکاریی شاری سنە و ئەندامی دەستەی بەڕێوەبەریی یەکیەتیی ئازادیی کرێکارانی ئێران، بە تۆمەتی بەشداری لە ڕێوڕەسمی یەکی مانگی مەی، کەمپەینی دژی لەسێدارەدانی ڕامین حوسێن پەناهی و بەشداریکردن لە ڕێوڕەسمی نەورۆزی ئەمساڵدا، ڕەوانەی زیندانی ناوەندیی شاری سنە کرا.
هەروەها “ئەمیر محەممەدخانی” خەڵکی دیواندەرە کە لە ڕۆژی ٢١ی خەرمانانی ئەمساڵدا، لەلایەن هێزە ئەمنییەکانی ئەو شارەوە دەسبەسەر کرابوو بۆ گرتوخانەی ئیتلاعاتی سنە ڕاگوێزراوە، و هاوکات لەگەڵ دەسبەسەر کردنی ناوبراو “فاروق خانی” خەڵکی گوندی شەریفئاوای دیواندەرە لە لایەن هێزە ئەمنییەکانەوە دەسبەسەر و بۆ شوێنێکی نادیار ڕاگوێزراوە.
شایانی باسە کە گرتن و دەسبەسەرکردنی چالاکان لە کوردستان بەشێوەیەکی بەربڵاو لە ئارادایە و ڕۆژانە بە تۆمەت و بیانووی جۆراوجۆر خەڵک ڕەوانەی بەندیخانەکانی کۆماری ئیسلامی دەکرێن و لەژێر ئەشکەنجە و لە دادگایەکی ناعادڵانەدا حوکمی جۆراوجۆریان بەسەردا دەسەپێنن.