بەپێ ڕاپۆرتی گرووپی لێکۆڵینەوەی نەتەوە یەکگرتووەکان لە پێوەندی لەگەڵ “ونبووانی قەهری” یان “بێسەروشوێنکردنی بەئەنقەست”، کە لەم دواییەدا بڵاوکراوەتەوە، فەرزاد کەمانگەر، شیرین عەلەمهۆلی، عەلی حەیدەریان و فەرهاد وەکێڵی وەک ونبووانی قەهری ناسراون.
بەپێی ئەو ڕاپۆرتە بەرپرسانی ئێران دەبێ وێڕای ڕوونکردنەوەی چارەنووسیان، لەئەگەری جێبەجێکردنی حۆکمی سێدارەیان، شوێنی دەفن و گڵکۆکەیان ڕابگەینێ.
ئەم چوار زیندانی سیاسیی کوردە لەگەڵ مەهدی ئیسلامییان لە ڕێکەوتی ۱۹ی بانەمەڕەی ۱۳٨۹ی هەتاوی لە زیندانی ئێڤین لەسێدارە دران و تا ئێستاش شوێنی دەفن و گڵکۆکەیان ڕانەگەینراوە و بنەماڵەکانیان چاوەڕێ هەواڵێک لە بارەوەن.
شایانی باسە کە لە کۆماری ئیسلامیدا زۆربەی زیندانیانی سیاسی کە ئێعدامیش دەکرێن شوێنی ئەسپەردەکردنیان بە بنەماڵەکانیان ڕاناگەیەنێ و هەربۆیە کەسوکار ئێعدامکراوان هەردەم لە چاوەڕوانیدان و ئازاری بێسەروشوێنبوونی ڕۆڵەکانیان دەچێژن.