ئەمڕۆ ڕێکەوتی 17 ئه‌یلول ساڵی 2019 زایینی
آموزش وردپرس

ئەگەر پیاوی وەرە لە کوردستان ژن بە!*

عەلی لەیلاخ

لە فەلسەفەی ئەفسانەی خیلقەتی «ئادەم و حەوا»دا، دەڵێن ئەگەر دایەحەوا ئادەمی هان دا هەتا لە سێوی قەدەغەکراو بخوا، پاش خواردن «بینایی» و هەست بە شعووری تێگەیشتن و فامکردنی پێ ‌بەخشرا و بە ئاسانی توانی پشت لە بەهەشت و خۆشبژیوی بکا. بۆیە ئاساییە لە زەوی چەوسانەوەدا بژی بەڵام لە سایەی نێوچاوانی خۆشەویستییەوە. کەواتە بەپێی قسەیەکی دیکە «حەوا» بەختەوەرترین ژن بوو؛ چون هاوسەرەکەی «ئادەم» بوو!
ئەم ڕۆژانە دیسان باس لە سینگ هەڵدڕینی ژنانە بە چەقۆی ڕق و کینی پیاوان، ئەویش لە کوردستانێک وا یەکێک لە شانازییەکانی ئەوەیە کە لانیکەم لە ڕەوتی مێژوودا، تابلۆ فۆلکلۆرەکانی نموونە و نیشانەی هاوشانی و یەکسانیی ژن لەگەڵ پیاوانە. لەوەی کە هیچکات دۆخی ژیانی کورد ئەوە نەبووە کە لەسەر بنەما ڕەسەنەکانی ژیانی نوێ بنیات نرابێ و، هەرجارە و لەژێر کاریگەرییەکی «دەسەڵات چ سیاسی و چ ئایینی و کولتووری» ڕێگەی هەناسەدانی لێ بڕاوە، حاشای لێ ناکرێ. ژنی کورد ئێستاشی لەگەڵ بێ بەداخەوە لە نێو گوشارێکی دوو لایەنەدا بڕستی لێ بڕاوە، یەکیان نەریتێکی دواکەوتوویە کە مۆتەکەئاسا لەگەڵیەتی و، ئەوەی دیکەش داخێکی گشتییە و هەڵقوڵاوی نێو گەلێکی بندەستە کە زۆربەی نۆرم و یاساکانی ژیان بەپێی پێوەری یاسای باڵا دەست و زاڵ داڕێژراوە.
کوردستانی نێو جوغرافیای ئێران کە ئەگەر لە دوورودرێژیی مێژووی ئەو بەشەی لە کوردستان گەڕێین، لانیکەم لە چواردەیەی ڕابردوودا بە خوێندنەوەیەکی خێرا، دەزانین کە سیستمێکی دامەزراو لەسەر ئایدۆلۆژیای مەزهەبی چ خەسار و زەربەیەکی لە ڕەوتی گەشەی ژنان داوە کە دوای چل ساڵ، ژنکوژی و خۆکوشتنی ژنان خەریکە دەبێتە باو، چونکە نە ناوەندێک هەیە بەلایەوە گرینگ بێ، نە ڕێکخراوێکی خاوەن دەسەڵات هەیە کە لەو بابەتە بپرسێ و بکۆڵێتەوە و هۆکارەکانی بخاتە ڕوو و پێش لە دووپاتبوونەوەی ئەو کارەساتانە بگرێ و؛ یەکێک لە نموونە و دەرکەوتەکانی «قەتڵی نامووسی»یە.
قەتڵی نامووسی ناوەکەی هێندە گرانە بە لامانەوە کە بە بیستنی زۆربەی تاکی کورد ناخی خۆی دەکاتە دادگایەکی یەک ڕەهەند و یەک یاسا و یەک سزا، هەمان ئەنجن ئەنجن کردنی ژنان و هەڵواسینیان! چونکە کەڵەکەبوون و «رسوبات»ی کۆن و ئایینی و خۆدزینەوە لە مافە سروشتییەکان ڕێگەی هەناسەی تازە و دیدی بەربڵاو نادا و هەربۆیە «سووک بوونی ژن بە زرمە دەنگی دێ و سووکبوونی پیاو گەر زرمەشی هەبێ، بەهۆی ڕوانگەی نێرسالارییەوە دەنگی کپە و زۆرکەسیش حەزیان لە بیستنی نیە.»
کارەساتە! کە کەمتر لە ٥ مانگ زیاتر لە ١٢ ژن و کچ لە ناوچە جیاجیاکانی کوردستان بەدەستی کەسانی نیزیک کوژراون و ئەو کۆمەڵکوژییە تەنانەت بەگوێرەی پێویست دەنگدانەوەی نەبووە. ئەگەر لە دیاردەی ژن کوشتندا، ئەندامانی بنەماڵەیەک تاوانباری سەرەکیی بن، لە خۆکوشتنی ژنان کۆی کۆمەڵگە و دەسەڵاتی باو، تاوانبەری بنەڕەتین؛ چونکە لە سەرەتای ئەمساڵەوە زیاتر لە 45 کەس لە کوردستان خۆیان کوشتووە وە دوور نییە کە هێندێکیان بەناو خۆکوشتن بڵاو کرابێتەوە ڕەنگە هەمان ژنکوژی بێ و شاردرابێتەوە.
بەداخەوە ئەگەرچی خۆکوشتنەکان لە کوردستان هەموو چین و توێژەکانی گرتۆتەوە لە منداڵەوە تا گەورەساڵ بەڵام دیارە لە خۆکوشتندا، بەشی شێر بە ژنان بڕاوە هەربۆیە بەپێی ئامارەکان لە ساڵی ڕابردوودا لە ١٧٠ حاڵەتی خۆکوشتن ١٠٨ کەسیان ژن بوون.
خۆكوژی یه‌كێك له‌ كێشه‌ هه‌ره‌ گرینگه‌كانی نێو هه‌ر كۆمه‌ڵگەیه‌كه‌، کەوا کاریگەریی نەرێنیش لەسەر ڕەوتی سڵامەتی ئەو کۆمەڵگەیە دادەنێ. ڕێكخراوی ته‌ندروستیی جیهانی خۆكوژی به‌ كرده‌وه‌یه‌كی ئاگادارانه‌ و خۆویستانه‌ ده‌سنیشان ده‌كا كه‌‌ ده‌بێته‌ هۆی له‌نێو چوونی تاك و كۆتایی هێنان به‌ ژیانی. ڕه‌وتی خۆكۆژی‌ له‌ ئێران له‌م چوار ده‌یه‌ی دواییدا هەلکشاوە و به‌ گۆڕانی با‌یه‌خه‌كان جۆری خۆكوژیش له‌م چه‌ند ده‌یه‌ی دواییدا گۆڕانی بەسەردا هاتووە.
له‌ دانیشتنه‌ جیهانییه‌كاندا ڕێكخراوی ته‌ندروستیی (WHO) له‌ ساڵی ١٩٩٦دا؛ خۆکوژی وه‌ك بابه‌تێكی گرینگی ته‌ندروستیی گشتی و هه‌ڵسوكه‌وتێكی ڕانه‌هاتوو له‌ كۆمه‌ڵگە ڕاگه‌یەندرا.
به‌گوێره‌ی لێكۆڵینه‌وه‌ی ده‌روونناسانی پسپۆڕ، خۆكوژی بە یه‌كێ له‌ سه‌ره‌كیترین كێشه‌كانی كۆمه‌ڵگە دێته‌ ئه‌دادەنرێ، كه‌ له‌ هه‌ر كۆمه‌ڵگەیه‌كدا فاكتگه‌لی جیاواز و تایبەت بەخۆی هەیە. گرنگترین هۆكاری خۆكوژی بناغه‌كه‌ی له‌ بنه‌ماڵه‌وه‌ سه‌رچاوه‌ ده‌گرێ، به‌و واتایه‌ كه‌سێك كه‌ بیر له‌ خۆكوژی ده‌كاته‌وه‌ یا خۆی ده‌كوژێ به‌ ته‌واوی له‌ هه‌موو شتێ بێهیوا بووه‌ و ڕه‌شبینانه‌ سه‌یری ژیان و ده‌ور و به‌ری ده‌كا. ته‌نیایی، بێهیوایی و بێپشتیوانی، هه‌ست به‌ بێبایەخ بوون، خه‌مۆكی و ئیسترێسی زۆر، تووڕه‌یی و به‌كار هێنانی ماده‌ی هۆشبه‌‌ر و مه‌شرووباتی ئه‌ڵكۆڵی و نه‌خۆشی جسمی و ڕۆحی له‌ بیرۆكه‌ و ڕووداوگه‌لێكن كه‌ ده‌توانێ حەولی خۆکوژی لە تاکدا پەرە پێبدا.
خۆكوژی له‌ كچان و ژناندا تا ڕاده‌یه‌كی زۆر وه‌ك یه‌كن و ته‌نانه‌ت له‌ نێو ژنانی خێزانداردا بڕێك زیاتره‌ و، تەنانەت شووکردنیش نه‌یتوانیوه‌ ڕێگر بێ له‌ به‌رامبه‌ر خۆكوژیی ئه‌واندا و بیانپارێزێ. توێژینه‌وه‌‌كان دەرخەری ئەم ڕاستییەن کە هه‌بوونی كێشه‌ی ئابووری و هه‌ڵسوكه‌وتی نابه‌جێی پیاوان و بەگشتی دەوروبەرییەکانیان له‌گه‌ڵ ژنان، ترسی ژنان له ‌ته‌ڵاق و هه‌ڵسوكه‌وتی كۆمه‌ڵگە له‌گه‌ڵ ئه‌واندا بۆته‌ هۆی ئه‌وه‌ كه‌ ژنانی هاوسه‌ردار زیاتر بیر له‌ خۆكوژی بكه‌نه‌وه‌.
ئەگەر شێوازی حکوومەتی زاڵ بەسەر کوردستاندا زۆرجار ژیانی تاکی کوردی سروشتدۆست و شاد و هۆگری هونەری، هان داوە بەرەو «مەرگی کافکایی» بەڵام تیژکردنی چەقۆی کەللەڕەقی بە هەسانی ڕق و کین و کوشتنی ژنان بەدەستی «باوک، برا، هاوسەر»؛ دووپاتکەرەوەی بازنەی داگیرکاریی ژنانە و خۆگێل کردن و خەمساردیی ویژدانەکانە. ئەوەیە کە ژنان ناتوانن بەرامبەر بەو دۆخە ئاراییە، دەنگیان هەبێ یان لە هەمان دادگا کە لەسەرەوە باس کرا واتە «دادگای داخراو و یەکسزایی» هەڵەی پیاوان بە ئاسایی دەزانرێ و هی ژنانیش شیاوی کوشتن و خنکاندن!
کوردستان و نیشتمانی کوردان ئێستا پێویستیی پتری بە ویژدانی وشیار و ئاگایە تا «ئیزم»بازیی بێفەڕ و بێ کاریگەر.
* ناونیشانی ئەم وتارە لە تێکستێکی «بەڕۆژ ئاکرەیی» وەرگیراوە

وەڵامێک بنووسە

پۆستی ئەلکترۆنیکەت بڵاو ناکرێتەوە . خانە پێویستەکان دەستنیشانکراون بە *

*

code