لە پیرانشار و بانە سێ کۆڵبەری دیکەی کورد بە تەقەی هێزەکانی کۆماری ئیسلامی کوژران و بریندار بوون.
ڕۆژی یەکشەممە، ٢٩ی بانەمەڕ، دوو کۆڵبەری کورد بە ناوەکانی “ناسر حوسێنیپوور” و “موحسێن حوسێنیپوور” خەڵکی شاری پیرانشار، بە تەقەی ڕاستەوخۆی هێزەکانی ڕێژیم بریندار بریندار بوون. ئەم دوو کۆڵبەرە کە باوک و کوڕن، دوای برینداربوونیان لەسەر سنوور بۆ چارەسەریی پزیشکی بەڕێی نەخۆشخانەیەکی هەولێر کراون
ئێوارەی ڕۆژی شەممە، ٢٨ی بانەمەڕیش کۆڵبەرێکی خەڵکی بانە بە ناوی “محەممەد ڕەسووڵ عەزیزی” بە تەقەی ڕاستەوخۆی هێزە نیزامییەکانی حکوومەتی گیانی لەدەست دا. محەممەد ڕەسووڵ عەزیزی، خێزاندار و باوکی چوار منداڵە.
لە سەرەتای ئەمساڵەوە تا ئێستا 38 کۆڵبەر و کاسبکاری کورد بە تەقەی هێزە چەکدارەکانی کۆماری ئیسلامی کوژراون و بریندار بوون. شایانی باسە پارەکەش 242 کۆڵبەر و کاسبکاری کورد بەهۆی تەقەی ڕاستەوخۆ، تەقینەوەی مین، بەربوونەوە لە بەرزایی لە سۆنگەی ڕاوەدوونان و هەروەها ڕەقهەڵاتن لە سەرما گیانیان لەدەست دا و بریندار بوون. وردەکارییەکان دەریدەخەن کە لەو 242 قوربانییە80 کەسیان کوژراون و گیانیان لەدەست داوە، هەروەها 162 کەسیش بریندار بوون.