ئەمڕۆ ڕێکەوتی 17 حوزه‌یران ساڵی 2019 زایینی
آموزش وردپرس

موختار زارعی لە سنە دادگایی کرا

دادگایی موختاری زارعی بەمەبەستی تاوتوێ کردنی ئەو تاوانانەی کە دراوەتە پاڵی لە لقی دووی دادگای ئینقلابی شاری سنە بەڕێوە چوو.

بەپێی ڕاپۆرتی هەواڵنێری موکریان، دوانیوەڕۆی ڕۆژی شەممە ڕێکەوتی 24ی خاکەلێوەی 1398ی هەتاوی لە لقی دووی دادگای شۆڕشی شاری سنە، دادگایی زیندانی سیاسیی کورد “موختار زارعی” بە تاوانی “بێڕیزی بە ڕێبەری کۆماری ئیسلامیی ئێران” و هەروەها “پڕۆپاگەندە لە دژی نیزام”  لەلایەن قازی شەڕەفی بەڕێوە چوو. مازیار تەباتەبایی پارێزەری موختار زارعی ڕایگەیاند: ئەو دادگاییە لە لقی دووی دادگای شۆڕشی شاری سنە و، بە شێوەی ئاشکرا بەڕێوە چوو و تاوانەکانی نابراو بریتی بوون لە “بێڕێزی بە ڕێبەری کۆماری ئیسلامیی ئێران” و پڕۆپاگەندە لە دژی نیزام”‌.

موختار زارعی زیندانی سیاسیی کورد ساڵێک لەمەو بەر بە بڵاوکردنەوەی نامەیەکی سەرئاوەڵا بۆ ڕیبەری کۆماری ئیسلامیی ئێران لە تۆڕەکۆمەڵایەتییەکاندا، وەک داواکارێکی کۆمەڵایەتی و چالاکی مەدەنی، چەند پرسیاری لە ڕێبەری ڕێژیمی کۆماری ئیسلامی کردبوو، ناوبراو لە کاتی بەڕێوە چوونی دادگا بەمەبەستی بەرگری لە خۆ، بەبەردەنگ دانانی قازی، گوتی: هیچ کەسێک لە کۆمەڵگەدا لە ڕەخنە لێگرتن بواردراو نییە، تەنانەت ئەگەر ئەو کەسە ڕێبەری کۆماری ئیسلامی ئێرانیش بێ، بۆ گەیشتن بە دێموکراسی زیاتر لە هەموو شتێک پێویستی بە ڕەخنەگرتن هەیە، خوێندنەوە و شرۆڤەی ڕەخنەگرانە لە دۆخی ئارایی، بەمەبەستی گەیشتن بە پێشکەوتنێکی باش، گرینگترین بەشی ئەم ڕێگایەیە.

موختار زارعی هەروەها لەمەڕتاوانە وەپاڵ نراوەکانییەوە گوتی: ئەو نامە 5 ڵاپەڕەییەی من بۆ ڕێبەری کۆماری ئیسلامی سەرەڕای ئەوەی کە ڕەخنەی توند و ڕاشکاوانەیتێدا بو، بەڵام هیچ کات ناچێتە بازنەی بێڕێزی کردنەوە.  وڵامی نووسراوە بە نووسراوە دەدرێتەوە نەوەک دەسبەسەرکردن و لێپێچینەوە، ئەمە ئەو پێویستییەیە کە دادگا دەبێ زۆر بەباشی ڕەچاوی بکا.

ڕەنگە بەشێک لە ڕەخنەکانی من لە ڕێبەر نابەجێ بێ، بەڵام وڵامی ئەو ڕەخنانە وەئەستۆی ئەو نووسەر و پێنووس بەدەستانەیە کە لایەنگری ڕێبەری کۆماری ئیسلامین، نەوەک پێنووسی قازی و بڕیاری دادگا.

شایانی باسە ئەم چالاکە مەدەنییە لە ڕێکەوتی 16ی بەفرانباری 1397ی هەتاویدا و، لە حوکمێکی دیکەدا کە لە نەبوونی خۆیدا دەرچوو، بە تاوانی “پڕوپاگەندە دژ بە کۆماری ئیسلامی” یەک ساڵ زیندان و هەروەها بەتاوانی “بێڕیزی بە ڕێبەری کۆماری ئیسلامی” دووساڵ زیندانی بەسەردا سەپابوو.

وەڵامێک بنووسە

پۆستی ئەلکترۆنیکەت بڵاو ناکرێتەوە . خانە پێویستەکان دەستنیشانکراون بە *

*

code