ئەمڕۆ ڕێکەوتی 20 تشرینی دووه‌م ساڵی 2019 زایینی
آموزش وردپرس

کەی ئەمە ژینە و کوا ئەمە داد؟

عەلی بداغی

ناڕەزایەتیدەربڕینی پۆلێک کرێکاری بێکارکراوی پێترۆشمیی ئیلام و دەرەنجامەکەی دەکەینە

پێشەکی و بیانوویەک  بۆ باس لەسەر ڕەوشی دڵتەزێنی کرێکارانی کورد لە دۆخی کارەستباری ئێستادا:

نێوەڕاست مانگی بەهاری ئەمساڵ پۆلێک کرێکاری لەسەرکاردەرکراوی کارخانەی پێترۆشیمیی ئیلام بۆ ناڕەزایەتیدەربڕین بە بێکارکرانیان، ئەویش لەو بارودۆخە سەخت و دژوارە ئابوورییەی ئێستادا لەبەردەم ئەم کارخانەیە کۆبوونەوە. ئەو کۆبوونەوەیە لەلایەن هێزە چەکدارەکانەوە هێرشی کرایە سەر، بەشداران سەرکوت کران و بە توندترین شێوە لێیان درا، زیندانی کران و ئێستاش سزای زیندانیان بەسەردا سەپاوە.

دەزگای قەزایی کۆماری ئیسلامی١٥ کەس لەو کرێکارە بێکارکراوانەی بە تۆمەتی شێواندنی نەزمی گشتی! و ئاژاوەنانەوە دادگایی کردووە و بڕیاری زیندان و لێدانی قامچیی لەسەر داون. بڕیارەکە ڕۆژی 22ی ڕەزبەر لە دادگا دەرچووە و ڕۆژی ١٤ی سەرماوەز پێیان ڕاگەیەندراوە. “میلاد دوستی”، نوێنەری ئەم کرێکارانە دوو ساڵ زیندان و سزای ٧٤ قامچیی بۆ بڕاوەتەوە و چواردە کەسەکەی دیکەش هەر کام یەکی شەش مانگ زیندان و ٧٤ قامچییان بەسەردا سەپاوە.

پانۆرامای ڕووداوەکان بەمجۆرە بوو: ئەم کرێکارانە کە ١٥٠ کەس بوون، لە خەزەڵوەری ساڵی ١٣٩٣دا بۆ ناڕەزایەتیدەربڕین بە دواکەوتنی چەند مانگ مووچە و حەقدەستیان و هەروەها بڕینی مز و جێژنانە و دەسخۆشییەکانیان سکاڵایان بردە ئیدارەی کار. بەرپرسانی کارخانەش لە کاردانەوە بەم داوا و مافخوازییەی کرێکاران، سەت کەس لەوانیان دەرکرد و هاتوچۆ و هاتنەوە بۆ کارخانەیان لێ قەدەغە کردن. ئیدارەی کار بڕیاری گەڕانەوە بۆ سەر کاری ٥٠ کەس لەوان و پێدانی ٥٠ میلیون تمەن مووچەی دواکەوتووی ئەم کرێکارانەی دا، بەڵام خاوەنکاری کۆمپانیاکە ملی بۆ بڕیاری ئیدارەی کار ڕانەکێشا و سکاڵاکەی گەڕاندەوە بۆ دیوانی عەداڵەتی ئیداری و ئێستا دوای چوار ساڵ کەس لەو پەروەندەیەی نەپرسیوەتەوە؛ کارخانە هەر لەجێی خۆیەتی و کرێکارە بێکارکراوەکانیش هەروا چاولەدەست و چاوەڕوان…

کۆمپانیای پێترۆشیمیی ئیلام کە ساڵی ١٣٨٢ بەردی بناغەی داندرا، دوو ساڵ دواتر ڕادەستی کەرتی تایبەت کرا و دواجار ساڵی ١٣٩١ و پاش ١٠ ساڵ وەگەڕ خرا. هەر لەو کاتەوە ناکۆکیی نێوان کرێکارانی کارخانەکە و خاوەنکارەکان سەری هەڵدا. هیندەی پێ نەچوو بەڕێوەبەری گشتیی کۆمپانیاکە بە تاوانی گەندەڵی گیرا و؛ ئەحمەد شۆهانی، نوێنەری شاری ئیلام گەندەڵیی ٤٤٠ میلیارد تمەنیی بەرپرسانی ئەم شیرکەتەی لەقاو دا. ناوبراو ڕەخنەی ئەوەی لە دەزگای قەزایی گرتبوو کە نەک هەر لە گەندەڵییە 440 میلیارد تمەنییەکەی بەڕێوەبەرانی ئەوم کارخانەیەی نەپرسیوەتەوە، بەڵکوو ٣٢٠میلیون یۆرۆی دیکەیان داونەتێ و کەس نییە لەو حیساباتە بپرسێتەوە. ئێستاش لەم بارودۆخەدا هەر ئەم دەزگای داد و قەزاییە هاتووە لە کێشەی ئەم کرێکارە دەرکراوانەی پرسیوەتەوە و بە تاوانی! مافخوازی و ناڕەزایەتیدەربڕین بە زەوتکرانی مافەکانیان، سزای زیندانی و لێدانی قامچیی بەسەردا سەپاندوون.

ئەم بڕیارە نائینسانی، نادادپەروەرانە و نائەخلاقییە _کە حەقکوژییەکی تەواوە_ لە کاتێکدا لە دژی ئەم پۆلە کرێکارە داماوە دراوە کە ناڕەزایەتیی کرێکاران، مامۆستایان و چین و توێژەکانی دیکەی کۆمەڵگەی ئێران بە بارودۆخی نالەباری ئابووری و گەندەڵییە ئیدارییەکان و دواکەوتنی مووچە و حەقدەست و بێکارکرانیان ڕۆژ لەگەڵ ڕۆژ لە پەرەسەندن دان. وەڵامی دەزگای داد و ناوەندە ئەمنیەتییەکانیش هەتا ئێستا هەر لە چوارچێوەی هەڕەشە و سەرکوت و گرتنی کرێکاراندا بووە.

ئەوەی لە ئیلام ڕووی دا و ئەوەی بەسەر ئەو پۆلە کرێکارەی پێترۆشمیی ئەم شارە هاتووە نموونەیەکی بچووکە لەو مەینەتییانەی چینی کرێکاری ئێران دەیکێشن. لە ئێرانی بندەستی کۆماری ئیسلامیدا کرێکار ئەمنیەتی کاریی نییە، ئەمنیەتی ژیان و خۆپاراستنی نییە، لەژێر هێڵی هەژاریدا دەژی، بە چەند مانگ و تەنانەت ساڵ مووچە و مزی دوا دەکەوێ، ئیزن و تەنانەت توانای دروستکردنی ڕێکخراوی سینفیی خۆی نییە، بیمەی نییە، منداڵان بەجێی خوێندن و پەروردە وەبەر کاری تاقەتپڕووکێن دەنرێن، ژنان نەک هەرزانترین هێزی کاری وڵاتن بەڵکوو بە مەرجی شوونەکردن یان دووگیاننەبوون کاریان دەدرێتێ (ئەگەر هەشبێ) و لە هیچ کوێی ئەم وڵاتەدا و لە هیچ جێیەک قانوونەکان پشتی کرێکار ناگرن و هەموو لە بەرژەوەندیی خاوەنکار دان.

بارودۆخی ژیانی کرێکاران دڵتەزێنتر لەوەیە کە بکرێ بە نووسین باس بکرێ و کەم نین ئەو بنەماڵە کرێکارانەی بۆ دابینکردنی بژیوی ڕۆژانەیان، یان خەرجی دەواودەرمانی نەخۆشییەکانیان ناچار بە فرۆشتنی گورچیلە، یان ئەندامێکی دیکەی لەشیان بوون؛ خەسارە کۆمەڵایەتییەکانی دیکەش کە لە سۆنگەی هەژاری و بێئەنواییەوە تووشی دەبن بەدەر لە باسی سەرەکیی ئەم نووسینەیە کە لەسەر مافی کرێکاران لە ئێراندا لەنگەری گرتووە.

ئەم مافانەی کرێکارانی ئێران داوای دەکەن و لێی بێبەشن و ئەو داوایانەی لەسەریان سزا دەدرێن نەک ڕەوا و بنەڕەتی، بگرە سەرەتاییترین مافی مرۆڤین کە هەر ئەرک و دەسەڵاتێک دەبێ پێبەند بێ بە لەبەرچاوگرتنی.

بۆ مەگەر پێدانی مووچە و حەقدەستێکی گونجاو لەگەڵ بارودۆخی ئابووریی وڵات و دوانەکەوتنی، یان پێدانی مزە دواخراوەکان تاوانە کە لەسەری بدرێنە بەر قامچی؟ بۆچی مەگەر ناڕەزایەتیدەربڕین بە دەرکران و کۆتاییهێنان بە گرێبەستی کاتی و ئیمزاکردنی گرێبەستە سپییەکان تاوانە کە لە سۆنگەیەوە پەروەندەی ئەمنیەتییان بۆ دروست بکرێ و لەسەری بگیرێن و سزا بدرێن؟ لە کوێی ئەم دنیایەدا کرێکار لەسەر ناڕەزایەتیدەربڕین بە بارودۆخی کار و کەمیی حەقدەست لە کارەکانیان دەردەکرێن؟ یان مووچە و مزی کرێکاری ژن و پیاو بۆ کاری وەک یەک جیاوازە؟

ئەوە زوڵمەی ئەمڕۆ لە ئێراندا لە کرێکار دەکرێ تاوان و غەدرێکی گەورەیە ڕێژیم دەیکا و ئەوەی دەبێ لەبەرامبەردا بکرێ هاودڵی و هاوخەباتیی هەموو چین و توێژەکانی کۆمەڵگەیە کە کرێکاران لەو مەیدانەدا بە تەنیا نەهێڵنەوە و لە پشتیان بن. بێگومان هاوپشتی و یەکگرتوویی هەموو چین و توێژەکانە کە دەتوانێ چۆک بە کۆماری ئیسلامیدا بدا و شنەی ڕزگاری بۆ وڵات بەدیاری بێنی. هێمن گوتەنی:

دەبێ بشکێ بە زۆر دەرکی قەڵایە

دەنا ئەم دەرکە بۆ کێ ئاوەڵایە..

وەڵامێک بنووسە

پۆستی ئەلکترۆنیکەت بڵاو ناکرێتەوە . خانە پێویستەکان دەستنیشانکراون بە *

*

code