ئەمڕۆ ڕێکەوتی 19 ئازار ساڵی 2019 زایینی
آموزش وردپرس

مافی مرۆڤ پێوەرێکی گرنگ لە جیهانی ئەمڕۆدا

قادر وریا

( بەبۆنەی ٧٠ ساڵەی پەسندکردنی جاڕنامەی جیهانیی مافی مرۆڤەوە)

بەرایی:

چەمکی «مافەکانی مرۆڤ» کە لە زمانی کوردیدا بۆ هاسانیی دەربڕین زیاتر بە «مافی مرۆڤ» ناو دەبرێ، لە ژیانی مرۆڤی ڕۆژگاری ئەمڕۆ و لە شارستانییەت و کولتوور و لایەنە جۆراوجۆرەکانی دیکەی کۆمەڵگە و وڵاتانی دنیای ئێستادا، بووە بە خاوەنی جێگە و پێگەیەکی گرنگ.

دیارە کە باس لەو چەمکە دەکرێ مەبەست ئەو بەشە لە مافە تاکەکەسی و بەکۆمەڵەکانییەتی کە لە چوارچێوەی بەیاننامەی جیهانیی مافی مرۆڤ یا لە بەر ڕووناکایی ئەو بەیاننامەیە لە توێی پەیماننامە و ڕێککەوتننامە جیهانییەکاندا پەسند کراون و لە ئاستی نێودەوڵەتیدا دانیان پێدا نراوە. ئەم چەمکە هەم لە ڕووی تیۆر و لایەنی فیکری و نەزەرییەوە، هەم لە مەیدانی پڕاکتیک و پەیڕەوکردنی لە ژیانی ڕۆژانەدا، لک و پۆی زۆری لێ بووەتەوە و بووە بە خاوەنی ڕەهەندی جۆراوجۆر. مێژووەکەی، سەرچاوە شارستانی و فەلسەفییەکانی، دامەزراوە نێودەوڵەتییەکانی داڕێژەر و پەسندکەر و پارێزەریان، جێگە و پێگەی ئەو مافانە لە یاسای وڵاتان و ڕوانین و هەڵسوکەوتی سیستەمە سیاسییە جیاوازەکان و کولتوور و ئایینە جۆراوجۆرەکان، بەرامبەریان، هێزێک و گوشارێک کە پەرەپێدەران و داکۆکیکارانی ئەم مافانە، پێکیان هێناوە و هتد، هەر یەکێکیان دەتوانن هەوێنی دەیان باس و توێژینەوە و لەسەر نووسینی دوور و درێژ بن.

 

کورد و مافی مرۆڤ:

بۆ ئێمەی کورد چ وەک نەتەوە و چ لە ئاستی تاکەکەسیدا، بە تایبەتی بۆ حیزب و ڕێکخراوە سیاسییەکانی کوردستان و هەروەها بۆ هەموو ئەو کەسانەش کە کاری سیاسی، میدیایی و چالاکیی مەدەنی بە ئامانجی خزمەتی نەتەوە و کۆمەڵی کوردستان دەکەن، تێگەیشتن لە گرنگیی ڕۆڵ و جێگەی مافی مرۆڤ لە پێوەندیی نێودەوڵەتی و پێوەندیی مرۆڤەکانی دنیای ئەمڕۆدا، زۆر پێویستە. دەتوانم بڵێم سەرەڕای هەموو دژایەتی و بەرهەڵستبوونەوەیەک کە بەرامبەر پێشڕەوی و جێگیربوون و کارپێکردنی ئەو مافانە لە دنیادا هەیە، هەتا دێ پتر دەبنە پێوەرێکی جیهانداگر بۆ دیاریکردن و داڕشتنەوەی: سنووری نێوان تاکەکان لەگەڵ یەکتر؛ پێوەندیی تاکەکان لەگەڵ دەسەڵاتی سیاسی و دامەزراوە کۆمەڵایەتییەکانی وڵاتی خۆیان و؛ پێوەندیی نێوان دەسەڵاتی سیاسیی وڵاتان لە گەڵ دامەزراوە نێودەوڵەتییەکاندا.

نیزیکبوونەوە لە ١٠ی دیسەمبری ٢٠١٨، حەفتایەمین ساڵڕۆژی پەسندکرانی بەیاننامەی جیهانیی مافی مرۆڤ (١٩٤٨) کە دیارە ئەم ڕۆژە وەک «ڕۆژی جیهانیی مافی مرۆڤ»یش ناودێر کراوە، بە دەرفەت دەزانم بۆ ئەوەی لە سەر هۆ و ئامانجەکانی ئێمەی کورد لە گرنگیدان بە مافەکانی مرۆڤ هەڵوێستەیەک بکەم:

 

یەکەم، بۆ ئەوەی مافە ئینسانییەکانی خۆمان بناسین و داوایان بکەین

ئێمەی کورد ئەگەر کێشەی داگیرکراوی و دابەشکراویی نیشتمان و بندەستی نەتەوەییشمان نەبا و خاوەنی کوردستانێکی سەربەخۆی یەکگرتوو و کیانێکی کوردیی تایبەت بە خۆشمان باین، دیسان وەک تاکێکی هاوشانی مرۆڤەکانی کۆمەڵ و وڵاتانی دیکە، ئەرکمان بوو بزانین وەک مرۆڤێک، چ کۆمەڵە ئازادی و مافێکی لە ئاستی دنیادا دانپێدانراومان هەیە تا هەم خۆمان وەک تاک داواکاری بین، هەم کیان و دەسەڵاتەکەی خۆمان لە دانپێدانان و دابینکردنیان، ئەرکدار و بەرپرسیار بێت. بە داخەوە لە درێژایی ٧٠ ساڵی ڕابردوودا، وێڕای مانەوەی واقیعی داگیرکراوی و دابەشکراویی کوردستان و بەردەوامیی بندەستی نەتەوەیی و لێکەوتەکانی دژ بە کەرامەتی مرۆڤ، وەک زۆربەی تاکەکانی پێکهاتە جیاوازەکانی ئەو وڵاتانەی کوردستانیان بە سەر خاکی خۆیاندا لکاندوە، لە بەشی هەرە زۆری ماف و ئازادییە بە فەرمی ناسراوەکانی مرۆڤ، بێبەشین.

بەرەو ژوورچوونی زانیاری و قووڵبوونەوەی ناسیاویمان لە پێوەندی لە گەڵ مافەکانی خۆماندا، هاندەرمان دەبێ بۆ داواکردنیان و بەرگری لێ کردنیان ئەو کاتەی پێشێل دەکرێن. ڕاستە ئەو سیستەم و دەسەڵاتە سیاسییانەی لە ناوچەی ئێمە لە سەر کارن _لێرەدا زیاتر مەبەستم چوار وڵاتی ئێران، عێڕاق، تورکیە و سووریەیە_ سیستەمێکی دێموکراتیک و خووگرتوو بە ماف و ئازادییەکانی مرۆڤ نین، تا بە پێودانگی «مافەکانی مرۆڤ» ڕەفتار بکەن، بەڵام ئەوەش هەر ڕاستە کە شەڕ لە گەڵ سیستەمە دیکتاتۆر و دژە ئینسانییەکان لە شەڕگەی مافی مرۆڤدا، بۆ داواکارانی ئەو مافانە، ڕاکێشانی سەرنج و پشتیوانیی نێودەوڵەتی، بەدەستهێنانی «ڕەوایی» و جۆرێک سەرکەوتن و، بۆ پێشێلکەرانیشیان، هەمیشە بەدناوی و ڕسوایی و زۆر جاریش تێچووی سیاسی بە دواوە هەیە.

ئەزموون پێمان دەڵێ، هەوڵدان بۆ ویست و داخوازە جۆراوجۆرەکانی تاک و کۆمەڵ، کاتێک شوناس و ڕوخسارێکی مرۆڤپارێزانە وەردەگرن و بەپێی سروشتەکەی خۆیان دەچنە قالبێکی مەدەنییەوە، بە حوکمی ڕەوایی جیهانیی ئەو مافانە و پشتیوانیی ویژدانی گشتی لە خودی مافەکان و داکۆکیکەرانیان، هەم  خەڵک بەبەراورد لە گەڵ شێوە و جۆرەکانی دیکەی خەبات و داوای سیاسی باشتر پێشوازییان لێ دەکەن، هەم بەرەوڕووبوونەوەی دەسەڵاتدارانیش لە گەڵی، دژوارتر دەبێ.

 

دووهەم، بۆ ئەوەی لە بنەماڵە و کۆمەڵی خۆماندا، ڕێزیان لێ بگرین و ڕەچاویان بکەین

بە درێژایی٧٠ ساڵی ڕابردوو، نەتەوەی کورد و هێزە سیاسییەکانی، لە خانەی بێبەشی لە مافی دیاریکردنی چارەنووس و لە ڕیزی قوربانییەکانی داگیرکاری و بندەستیی نەتەوەیی و کردەوە و ڕەفتاری دڕندانە و سەرکوتکەرانە‌دا بوون. لە ڕاستیدا حیزب و ڕێکخراوی سیاسی و ڕووناکبیر و تێکۆشەری کورد بە تایبەتی و نەتەوەکە بە گشتی، بەردەوام  بۆخۆیان لە پێگەی داواکاری مافی مرۆڤدا بوون. ئەمەش بە لەبەرچاوگرتنی دۆخێک کە ئەو نەتەوەیە و تێکۆشەرانی تێیدابوون، شتێکی ئاساییە. لە زۆربەی ئەو ماوە دوور و درێژەدا، بە داخەوە کەم وا هەبووە هەلێکی وا بۆ کورد بڕەخسێ کە لە بەشێکی نیشتمانەکەی بەسەر چارەنووسی خۆیدا زاڵ بێ و بۆ خۆی، خۆی بەڕێوە بەرێ. ئەگەر ئەم جۆرە هەلانەش هەڵ کەوتوون، تاکی کورد لە لایەک بە هۆی مێژووی پڕ لە قوربانیدانی هێزە سیاسییەکانی و، لە لایەکی دیکەوە بە هۆی ئەو هەمووە بیرەوەرییە ناخۆشەی لە دەسەلاتدارێتیی ڕێژیمە داگیرکەر و زۆردارەکان هەیبووە، بە دڵفرەوانی لە کردەوە و هەڵسوکەوتی «ناتەبا لەگەڵ ڕێوشوێنەکانی مافی مرۆڤ»ی هێزە سیاسییەکانی خۆی ڕوانیوە و چاوپۆشیی لێکردوون. دیارە دەکرێ هۆکاری دیکەش بۆ ئەم چاوپۆشی و بێدەنگییە هەبێ.

لەگەڵ ئەوەی زۆربەی هێزە سیاسییەکانی کورد لانیکەم لە بەرنامە و ئەدەبیاتی خۆیاندا، لەمێژ ساڵە داواکار و لایەنگری مافی مرۆڤن و، بە زۆریش هەم لە داوا سیاسییەکانیاندا هەقانییەت هەبووە و ڕەوایییەکی شۆڕشگێڕانەی سەرچاوەگرتوو لە مێژووی پڕقوربانیدانی خۆیشیان لە گەڵدا بووە، بەڵام بەرزنەبوونەی دەنگی ناڕەزایەتیی کۆمەڵگە بەرامبەر کردەوەکانیان، هەمووی بۆ پەرێزخاوێنیی ئەو هێزانە لە بواری مافی مرۆڤدا ناگەڕێتەوە. بوونی ئەو هێزانە لە بەرەی ئازادیخوازی و بەرهەڵستکاری دیکتاتۆریدا، هەروەها جێکەوتوونەبوونی «مافی مرۆڤ» لە فکر و ڕوانینی تاکی کورد لە دەیەکانی پێشوودا، یارمەتیی بە شاراوە مانەوە و دەنگنەدانەوەی کەمترخەمی و پێشێلکاریی هێزە سیاسییە کوردەکان لە بواری مافی مرۆڤدا کردووە. بەڵام لە سەردەمی ئێستادا، هەم کۆمەڵگەی جیهانی و چاو و گوێ هەستیارەکانی دنیا ئامادە نین وەک جاران سەبارەت بە بەدناویی هێندێک لە ڕێژیمەکان، چاوپۆشی لە پێشێلکاریی هێزی سیاسی و دەسەڵاتی کوردی لە بواری ماف و ئازادییەکانی خەڵکدا بکەن، هەم  وشیاری و هەستیاریی خەڵکی و تاکەکانیش لە ئاست ماف و ئازادییەکانی خۆیان بەرەوژوور چووە. ئەنجامی ئەو کەم بایەخدان و پێشێلکارییانە لە لایەک دەبێتە هۆی دوورکەوتنەوە و دابڕانی بەرەبەرەی خەڵک لەو هێز یا هێزانەی کە هەتا ئێستا بە چاوی ڕزگاریدەری خۆیان لێیان ڕوانیون، هەم کاریگەریی نەرێنیی، لە سەر ڕوانینی بیروڕای گشتیی دنیای ئازاد و پێشکەوتوو و دۆستانی پرسی کورد بەرامبەر هێزە سیاسییە کوردەکان دەبێ. ئەو ڕێژیمە دژ بە کوردانەش کە کارنامەیەکی ڕەشیان لە پێخوستکردنی نەک هەر مافە بنەڕەتییەکان بەڵکوو سەرەتاییترین مافەکانیشدا هەیە، بیانوویان بۆ پاساودانی تاوانەکانی خۆیان و هێنانە ژێرپرسیاری پرسی ڕەوای ئەو نەتەوەیە لە سۆنگەی هەڵەی ئەم بوارەی هێزە سیاسییەکانی کوردستان، دەکەوێتە دەست.

 

پوختەی مەبەست

لە٧٠ ساڵەی جاڕنامەی جیهانیی مافی مرۆڤدا، حەق وایە وەک نەتەوە، وەک هێزی سیاسی و دەسەڵاتی کوردی و وەک تاکێکی کورد، ستاتووسی خۆمان لە پێگەی هەمیشەیی داواکاری مافی مرۆڤ، بگوازینەوە بۆ «هەم داواکار، هەم پارێزەر»ی مافەکانی مرۆڤ. خۆمان ئەرکدار بکەین هەر وا کە دژی زەوتکردن و پێشێلکردنی ماف و ئازادییەکانی خەڵکەکەمان و تاکەکانی کۆمەڵ لەلایەن داگیرکەران و ڕێژیمە دژ بە کوردەکان و تاقمە ڕەش و دژە ئینسانییەکانی وەک داعشین و بە دژیان دەوەستینەوە، لە بنەماڵە و لەنێو کۆمەڵدا، ماف و ئازادییەکانی تاک و پێکهاتە جیاوازەکان بەڕەسمی بناسین و بیانپارێزین، لە نێو حیزب و ڕێکخراو و لە ناوچەی ژێردەسەڵاتماندا، دابینکەر و پەرەپێدەری ئەو مافانە بین و، نامۆیی و جیاوازیی خۆمان لە گەڵ ڕێژیمە داگیرکەر و شۆڤێنییەکان و دەسەڵاتە دیکتاتۆر و دژە ئینسانییەکان، بە جێگیرکردنی ئەو بایەخ و پێوەر و ڕوخسارە مرۆییانە نیشان بدەین کە دنیای ئێمە لە هی ئەوان جیا دەکاتەوە.

وەڵامێک بنووسە

پۆستی ئەلکترۆنیکەت بڵاو ناکرێتەوە . خانە پێویستەکان دەستنیشانکراون بە *

*

code