مامۆستایەکی ئایینی خەڵکی بانە بە ناوی ” عەبدولباقی سەعیدی” ڕۆژی یەکشەممە ١١ی سەرماوەز لە لایەن هێزەکانی ئیدارەی ئیتلاعاتەوە دەسبەسەرکرا.
ناوبراو پێشنوێژی مزگەوتی “ترخاناوا” لە سەر ناڕەزایەتی دەربڕین بە کوشتنی کۆڵبەرانی کورد دەسبەسەر و ڕەوانەی ئیتلاعاتی بانە کراوە.
مامۆستا “عەبدولباقی سەعیدی” بە هۆی ڕەخنەگرتن لە ڕێژیمی کۆماری ئیسلامیی ئێران ، لە پێشنوێژیی مزگەوتی “ترخاناوا” لابراوە .
ناوبراو ڕۆژی هەینی ٩ی سەرماوەز، بۆ جارێکیتر ناڕەزایەتی خۆی لە سەر کوشتنی کۆڵبەرانی کورد لە لایەن هێزەکانی کۆماری ئیسلامیی ئێرانەوە دووپاتکردەوە. لە سەر شوێنی دەسبەسەرکران و تۆمەتبارکردنی تا ئێستا هیچ هەواڵێک لە بەردەست دانییە.
شایانی باسە کە لەم دواییانەدا ڕێژیم بە بەردەوامی مامۆستایانی ئایینی بانگی ئیدارەی ئیتلاعات دەکا و تا ئێستا چەندین کەسیان بە تۆمەتی جۆراوجۆر دەسبەسەر و زیندانی کراون. ساڵی ڕابردوو بە هۆی گوشارەکانی ئیدارەی ئیتلاعات چەند کەس لە مامۆستایانی ئایینی کورد، ڕۆژهەڵاتی کوردستانیان بەجێهێشت و لەوە زیاتر نەیانتوانی بەرگەی زەخت و گوشاری هێزەکانی ڕێژیم بگرن.
هەر لە پێوەندی لە گەڵ دەسبەسەرکردنی چالاکانی مەدەنیدا، ڕۆژی یەکشەممە ١١ی سەرماوەز، “سەحەر کازمی” چالاکی مەدەنی خەڵکی سنە، دوای دەسبەسەرکرانی، لە لایەن دەزگای دادوەری ڕێژیمەوە ڕەوانەی زیندان کرا. ناوبراو ڕۆژی ١٨ی گەلاوێژی ١٣٩٧ی هەتاویی لە لایەن هێزەکانی ئیتلاعاتەوە دەسبەسەر کرابوو و لەو ماوەیەدا ڕێگەی پێنەدەدرا کە چاوی بە وەکیل و بنەماڵەکەی بکەوێ.