لە ناوچە سنوورییەکانی شاری سەردەشت دوو کۆڵبەر لە لایەن هێزەکانی حکوومەتەوە دەستڕێژیان لێ کرا و، لە شاری بانەش کۆڵبەرێک بە تەقەی ڕاستەوخۆی هێزەکانی ڕێژیم بریندار بوو.
بەپێی ڕاپۆرتی ناوەندی دێموکراسی و مافی مرۆڤی کوردستان سەرلەبەیانیی ڕۆژی شەممە، ٢٦ی خەزەڵوەر لەلایەن هەنگی سنووریی کۆماری ئیسلامیی ئێرانەوە لە دوو شوێنی جیاواز لە سنوورەکانی ناوچەی سەردەشت ڕاستەوخۆ تەقەیان لە کۆمەڵێک کۆڵبەر کرد کە لە ئاکامی ئەم دەستڕێژهدا دوو کۆڵبەر بە توندی بریندار بوون. “مێهران دێهستانیڕاد”، تەمەن ١٥ ساڵ خەڵکی گوندی “دۆڵەتوو” یەک لەو کۆڵبەرانە بوو لە ناوچەی کەپران کەوتە بەر دەستڕێژی هێزەکانی حکوومەتی و بریندار بوو.
لە لایەکی دیکەوە هاوکات لە گەڵ ئەو ڕووداوە لە ناوچە سنوورییهکانی سەردەشت کۆمەڵێک لە کۆڵبەران کە بەرەو سنووری پیرانشار دەڕۆیشتن کەوتنە بەر دەستڕێژی ئەو هێزانە کە لەو ناوچەیە جێگیر ببوون و لە ئاکامدا بە هۆی تەقەی ڕاستەوخۆی ئەوان کۆڵبەرێک بە ناوی “سیروان عەبدوڵڵازادە” خەڵکی پیرانشار بریندار بوو.
جێی ئاماژەیه لە پێش ئەو دوو ڕووداوەدا ڕۆژی چوارشەممە ٢٣ی خەزهڵوەر کۆڵبەرێکی دیکە بە ناوی “لوقمان خەیاڵی” تەمەن ٣٦ ساڵ خەڵکی ئاوایی “حەسەن کوردە” سەر بە ناوچەی بانە لە سنوورەکانی چۆمان بەتەقەی ڕاستەوخۆی هێزەکانی ئینتزامی لاقی بریندار بوو و بۆ چارەسەری پزیشکی بۆ نەخۆشخانەی سەلاحەدینی بانە گواستراوە.