ڕۆژی ٢٠ی خەزەڵوەری ٩٧ی هەتاوی زیاتر لە ٢٠ بەندیی خەڵکی پارێزگای خووزستان کە لە پێوەندی لەگەڵ هێرشی چەکداریی بۆسەر نمایشی سەربازیی لەشاری ئەهواز لە ٢ی ڕەزبەری ئەمساڵ دەسبەسەرکرابوون ، لە بەندیخانەی ئەو شارە ئیعدام کراون.
دوای هێرش بۆسەر مانۆڕ و نمایشی سەربازیی شاری ئەهواز، ٢٢ دووکەس بە تۆمەتی بەشداریی کردن لەو هێرشە دەسبەسەرکران، کە دەگوترێ رۆژی پێنجشەممە ١٧ی خەزەڵوەر ئیعدام کراون و ئەمڕۆ شەممە ٢٠ی خەزەڵوەر ناوەندە ئەمنییەکان بنەماڵەی هیندێک لە گیراوانی ئاگادار کردوتەوە کە نابێ ڕێوڕەسمی پرسەو سەرەخۆشی بۆ ئێعدام کراوان بەڕێوە ببەن.
بە پێی هەمان سەرچاو هێشتا تەرمی کوژراوان ڕادەستی بنەماڵەکانیان نەکراوەتەوە.
دەگوترێ بەرپرسانی بەندیخانەی ناوەندیی ئەهواز ئەو هەواڵەیان پشتڕاست کردوتەوە بەڵام هیچکام لە هەواڵدەرییەکانی نێوخۆ تا ئێستا بڵاویان نەکردوتەوە
شیاوی باسە دوای رووداوی هێرش بۆسەر نمایشی سەربازیی شاری ئەهواز ، ناوەندە ئەمنییەکان لە پارێزگای خووزستان بەتایبەتی شاری ئەهواز دەستیان دایە ڕەشبگیری و، زیاتر لە ٨٠٠ کەس لەو پێوەندییەدا دەسبەسەرکراون.