کاسبکارێکی دیکەی کوردی خەڵکی شاری مەهاباد بە تەقەی ڕاستەوخۆی هێزە چەکدارەکانی کۆماری ئیسلامی لە ناوچە سنوورییەکانی پیرانشار گیانی لەدەست دا.
تازەترین قوربانیی سیاسەتی کوردکوژیی کۆماری ئیسلامی ئێران “سەلاح ئەسفەندوەند”، تەمەن ٢٨ ساڵە کە ڕۆژی پێنجشەممە، ١٧ خەزەڵوەر بەتەقەی ڕاستەوخۆی هێزە چەکدارەکانی ڕێژیم لە پیرانشات گیانی لە دەست دا.
وەک باس دەکرێ هێزەکانی ڕێژیم ناوبراویان بە گومانی هەڵگرتنی شمەکی قاچاق و بەبێ ئاگادرکردنەوەی پێشوەخت داوەتە بەر دەستڕێژ و گیانیان لێ ئەستاندووە.
کوژرانی ئەم کۆڵبەرە کوردە لە حاڵێکدایە کە ڕۆژی شەممە ١٢ی خەزەڵوەریش هێ لە ناوچە سنوورییەکانی سەلاسی باوەجانی تەقە لە پۆلێک کۆڵبەر کرا دوو کۆڵبەر بە ناوەکانی برومەند بەهرامی و هۆشیار نەمامی، خەڵکی گوندی زیارتتەمەرخان کوژران و کۆڵبەرێکی دیکەش بە ناوی ئەرکان بەهرامی بەتوندی بریندار بوو.
لە سەرەتای ئەمساڵەوە 135 کۆڵبەر و کاسبکاری کورد بە تەقەی هێزە چەکدارەکانی کۆماری ئیسلامی کوژراون و بریندار بوون، یان بەهۆی ڕاوەدوونانی هێزە چەکدارەکانی ڕێژیم و ڕووداوی سروشتی و ناسروشتی گیانیان لە دەست داوە.
بەپێی بانکی زانیارییەکانی ناوەندی مافی مرۆڤ بۆ ڕۆژهەڵاتی کوردستان لە ماوەی سێ مانگی بەهاردا 41 کۆڵبەر و کاسبکار، لە سێ مانگی هاویندا 64 كۆڵبەر و کاسبکار و لە سەرەتای پاییزەوە هەتا ئێستا 27 کۆڵبەر بوونەتە قوربانیی سیاسەتی کوردکوژی و دوژمنکارانەی کۆماری ئیسلامی.