حوسێن ئەحمەدی نیاز، پاریزەری زیندانیی سیاسیی کورد “هیدایەت عەبدوڵلاپوور” کە حوکمی ئێعدامی دراوەتێ رایگەیاند: حوکمی ئێعدامی “هیدایەت عەبدوڵلاپوور” لە دادگایەکی ناعادڵانەدا پەسەند کراوە. ئەو دەڵێ لە بەندیخانەکانی ئێراندا بڕیاری ئێعدامی ١٠٠ بەندیی دیکەی کورد پەسەند کراوە.
ئەحمەدی نیاز رایگەیاند کە “هیدایەت عەبدوڵڵاپوور” بە تۆمەتی بەشداریی لە کردەوەی چەکدارانە دژی کۆماری ئیسلامی ئێران، لە دادگایەکی ناعادلانەدا حوکمی ئێعدامی بەسەردا سەپێنراوە.
پێشتر “دیوانی بەرزی”وڵات حوکمی ئێعدامی ناوبراوی ڕەت کردبۆوە، بەڵام بە هۆی زەخت و زۆری دەزگا ئەمنیەتیەکان، ئەمجار دادگا حوکمی ئێعدامی “هیدایەت عەبدوڵڵاپوور”ی پەسند کرد.
“ئەحمەدی نیاز” بە کەمپەینی مافی مرۆڤی ئێرانی ڕاگەیاند کە ١٠٠ بەندیی کورد لە بەندیخانەکانی ئێران حوکمی ئێعدامیان دراوەتێ و بۆ نموونە ئاماژەی بە ناوی چەند کەس کرد، لەوانە، حەبیبوڵلا لەتیفی، مستەفا سەلیمی، ئەنوەر ڕۆستەمی، هوشەنگ ڕەزایی و ئیبراهیم عیساپوور کە هەموویان بە تۆمەتی چالاکیی سیاسیی سزای ئێعدامیان بەسەردا سەپاوە.
شایانی باسە کە لە ڕۆژانی 17 تا 19ی خەرماناندا ( 8 تا 10ی سێپتامبر) شەش لاوی کورد بە ناوەکانی، زانیار مرادی، لقمان مرادی، رامین حسینپناهی، ئەحمەد شەباب، ناسر عەزیزی و کەماڵ ئەحمەدینژاد لە بەندیخانەکانی ئێراندا لە سیدارە دران.
ئێران یەکێک لە سێ وڵاتی جیهانە کە زۆرترین حوکمی ئێعدامی تێدا جێبەجێ دەکرێ. بە پێی ڕاپۆرتی ساڵانەی رێکخراوی لێبوردنی نێونەتەوەیی لە ساڵی ٢٠١٧ دا ٥٠٧ کەس لە ئێران لە سێدرە دراون.