هێزە ئیتلاعاتییەکانی رێژیم ٥ کەسیان لە شارەکانی سنە، کرماشان، پاوە و داڵاهۆ دەسبەسەر کرد.
لە حەوتووی ڕابردوودا ئیدارەی ئیتلاعات 4 کەسی لە شارەکانی سنە، کرماشان، پاوە و داڵاهۆ دەسبەسەر کردوە، بێجگە لەوانەش فەرهاد جەهانبێگی، ڕۆژنامەنووسی کرماشانیش دوو حەوتوویە گیراوە و چارەنووسی ناڕوونە.
بەپێی ڕاپورتی ناوەندی دێموکراسی و مافی مرۆڤی کوردستان، ئیدارەی ئیتلاعاتی شاری سنە ڕۆژی پێنجشەممە، ١٨ی گەلاوێژ هێرشی بردووەتە سەر ماڵی “سەحەر کازمی” و دەسبەسەریان کردوە. هەروەها چەند ڕۆژ لەوە پێش دوو کەسی خەڵکی کامیاران بە ناوەکانی “سەیوان کەمانگەر” و “کامیار کەمانگەر” لەلایەن ئیدارەی ئیتلاعاتی شاری پاوەوە دەسبەسەر و بۆ شوێنێکی نەزانراو گوزراونەوە.
لە کرماشانیش ڕۆژی ٢ی گەلاوێژ “فەرهاد جەهانبیگی”، سەرنووسەری حەفتەنامەی کوردی_ فارسیی” ندای جامعە”؛ بە هۆکاری نەزانراو لەلایەن هێزە ئەمنییەتییەکانەوە دەسبەسەرکراوە. ناوبراو لەوە پێشیش چەند جار دەسبەسەر کراوە.
هاوکات لە شاری داڵاهۆش کەسێک بە ناوی “حیسام حوسێنی”، کوڕی جەبار لەلایەن ئیدارەی ئیتلاعاتی ئەو شارەوە دەسبەسەر و هیچ زانیارییەک لە سەر چارەنووسی نەزاندراوە.
شایانی باسە ناوەندە ئەمنیەتییەکانی کۆماری ئیسلامی لە کوردستان لە یەک مانگ و نیوی هاوینی ئەمساڵدا هەرنەبێ 81 کەسیان دەسبەسەر کردوە.