نوێنەرێکی کورد لە مەجلیس ڕایگەیاند کە هێڵی هەژاری لە ئێستادا گەیشتۆتە ٦ میلیۆن تمەن و ڕاست نیوەی خەڵکی ئێران تووشی هەژاری ڕەها بوون.
ڕەسووڵ خزری، نوێنەری شارەکانی سەردەشت و پیرانشار لە مەجلیس گوتی: لەحاڵێکدا درووشمەکانی دەوڵەتی ڕوحانی بریتی بوون لە بنەبڕکردنی هەژاریی ڕەها و نەهێشتنی بێکاری و دابین کردنی یەکسانی ئابووری، بەڵام دەبینین کە لە یەک ساڵی ڕابردوودا نەتەنیا هەژاری ڕەها لە ئێران لەنێو نەچووە بەڵکوو کار گەیوەتە ئەوەی نیوەی خەڵکی وڵات لەژێر هێڵی هەژاریدا بن و نرخی هێڵی هەژاریش گەیشتووەتە ٦ میلیۆن تمەن.
ئەو ئەندامەی کۆمیسیۆنی کۆمەڵایەتیی مەجلیس وێڕای ڕاگەیاندنی ئەم هەواڵە گوتی: هێڵی هەژاری ٦ میلیۆنی بەو مانایە دێ کە هەر بنەماڵەیەکی چوار کەسی کە داهاتی مانگانەیان لەژێر ٦ میلیۆن تمەن بێت ناتوانن لانیکەمی پێداویستییە سەرەتاییەکانیان دابین بکەن و لەباری جەستەیی و ڕۆحییەوە دەکەونە مەترسییەوە.
ئەم قسانەی خزری تەنیا چەند مانگ پاش لێدوانەکانی حسەین ڕاغفەر دەکرێن کە لە بانەمەڕی ٩٧ ڕایگەیاندبوو: هێڵی هەژاری ڕەها بۆ بنەماڵەیەکی چوار کەسی، ٤ میلیۆن تمەنە و بەم پێیەش ٣٣%ی خەڵکی ئێران تووشی هەژاری ڕەها بوون؛ بەواتایەکی تر لە ماوەی چوار مانگدا و پاش لێدوانەکانی ڕاغفەر وا دەردەکەوێت ڕێژەی ئەو کەسانەی کە کەوتوونەتە ژێر هێڵی هەژاری ١٧% زیادی کردووە..
بڵاوبوونەوەی ئەم هەواڵە لە کاتێکدایە کە خەڵکی ناڕازی بە دۆخی داسەپاو لەلایەن رێژیمەوە بەسەر ئێران، لە ڕۆژانی ڕابردوودا بە دانی درووشمی ڕادیکاڵی ڕووخان ڕژانە سەر شەقامەکان و لە چەندین شاری گەورەی ئێران و یەک لەوان تارانی پێتەخت، دژ بە تەواوییەتی کۆماری ئیسلامی هەڵوێستییان گرت کە توندوتیژی لێکەوتەوە.