مانگرتنەکان لە ئاستی ئێران بە دژی گرانی و بێکاری و دۆخی خراپی ئابووری بە شێوەی جۆراوجۆر هەر بەردەوامە و رۆژ بەرۆژ زیاتر پەرە دەستێنێ.
ئەمرۆ ٣ی جۆزەردان لە شارەکانی ئێران مانگرتنی کامیۆنداران و شوفیرەکانی ناڕازی لە هەلومەرجی ئابووری و گرانبوونی کەلوپەل و پێداوستییەکان، درێژەیان بە مانگرتن داوەو نیزیک بە ٧٠ شاری تا ئێستا گرتووتەوە.
بە پێی سەرچاوە خۆجێیەکان ، لە شارەکانی ١٦پارێزگای ئێران مانگرتنی کامیۆنداران دەستیپێکردوەو رۆژی ڕابردوو لە دوویەمین رۆژی ئەو مانگرتنانەدا، شۆفێر و کامیۆندارانی بەشێک لە شارەکانی کوردستان پەیوەست بە مانگرتنە بوون.
تا ئێستا کامیۆندارانی کوردستان لە شارەکانی مەهاباد، بۆکان، کەنگاوەر و سنە و دێولان پەیوەستبوون بە مانگرتنی سەرانسەری شۆفێر و کامیۆندارانی ئێران و ئەمرۆ ٣ی جۆزەردان لە سێیەمین رۆژی ئەو مانگرتنە تاکاتی ئامادەکردنی ئەم هەواڵە لە بەشێک لە شارەکانی ئێران مانگرتن هەر بەردەوامە.
شیاوی باسە لە دوای هاتنە سەرشەقامی خەڵکی وەزاڵەهاتوو لە مانگی بەفرانباری ٩٦ی هەتاوی بە دژی گرانی وگەندەڵی و دۆخی خراپی ئابووری، خەڵکی ئێران و کوردستان هەرجارەو بە بیانوویەک مان دەگرن و، ئەو ناڕەزایەتی و مانگرتنانە کۆماری ئیسلامیی ئێرانی شڵەژاندووە.