لەو دوو مانگەدا لانیکەم 22 کۆڵبەر و کاسبکاری کورد بە تەقەی ڕاستەوخۆی هێزە چەکدارەکان یان لە ئاکامی ڕاوەدوونانی ئەو هێزانەدا کوژراون و بریندار بوون. هەر لەو دوو مانگەدا 11 کەس لە شوێنە جیاجیاکانی کوردستاندا بوونەتە قوربانیی تەقینەوەی مین و بەو هۆیە کوژراون یان بریندار و نقووستان بوون.
لە دوو مانگی دەسپێکی ئەمساڵدا لانیکەم 85 کەس لە کوردستان بە تۆمەتی چالاکی سیاسی و ئەمنیەتی بە دژی کۆماری ئیسلامی گیراون، 17 کەس لەوان دادگایی و سزای زیندانیان بەسەردا سەپاون. هەروەها حوکمی ئێعدامی 4 زیندانیی سیاسی و عەقیدەتیی کورد پشتڕاست کراوەتەوە و 8 زیندانیی کوردیش ئێعدام کراون.
خۆکوژییەکان بەهۆی بارودۆخی خراپی ڕووحی و ژیان لە کوردستان لە ماوەی ئەم دوو مانگەدا 24 قوربانیی وەرگرتوە و دەیان کەسی دیکەش بە وەخت پێیان زانیون و لە مردن ڕزگاریان کردوون.