بانگەوازیکی بە پەلە لە ناوەندی هاوکاریی حیزبەکانی کوردستانی ئێرانەوە
ئەگەری ئێعدامی رامین حوسێن پەناهی هەیە،
هەڵمەتێکی گستی و خێرا بۆ رزگارکردنی گیانی ئەو پێویستە!
لە ڕۆژی سێشەمە ١١ی بانەمەڕەوە، بەندیی سیاسیی کورد رامین حوسێن پەناهی بۆ قەرەنتینە راگوێزراوە. نیشانەکان ئەوە دەگەیەنن کە جەڵلادەکانی کۆماری ئیسلامی نیازی ئێعدامی ئەو لاوە کوردەیان لەم ١-٢ رۆژە دا هەیە. بە سەرنجدان بە تەئیدکرانەوەی حوکمی لە سێدارەدانی ڕامین لە لایەن دیوانی بەرزی وڵات و هەر وەها بە وەبەرچاوگرتنی ڕق و دوژمنایەتیی لەمێژینەی کۆماری ئیسلامی بەرامبەر خەڵکی کوردستان و لەمانەش گرنگتر، پێویستیی ئێستای ئەو ڕێژیمە بە چاوترساندنی خەڵکی وەزاڵەهاتووی شارو ناوچەکانی کوردستان، نیگەرانی لە ئیعدامی رامین حوسێن پەناهی زۆر جیددییە.
لەم دوا ساتانەی ژیانی ئەو لاوە کوردە دا، تەنیا شتێک کە دەتوانێ ئەم ڕێژیمە لە بڕیاڕی ئێعدامی ئەو پاشگەز بکاتەوە، بەرز بوونەوەی دەنگی نارەزایەتیی هاوزمانان و هاونیشتمانانی رامین و هەموو مرۆڤە بە ویژدان و بە هەڵوێستەکان لە نێوخۆ و دەرەوەی وڵاتە. بەم بۆنەیەوە بانگەوازی کۆمەڵێک کەمپەین و چالاکی لە نێوخۆی رۆژهەلات و لە ولاتانی ئورووپایی بڵاو بوونەتەوە. ئێمە وێڕای پشتیوانی لە کۆبوونەوە و ڕێپێوان و هەر حەرەکەتێکی دیکە بۆ بەرگری لە گیانی رامین حوسێن پەناهی و مەحکوومکردنی بڕیار و نیەتی ئێعدامی ئەو بەندییە سیاسییە، لە هاونیشتمانان لە نیوخۆ و دەرەوەی وڵات داواکارین دوایین دەرفەتەکان بۆ دەنگ هەڵبڕین دژی ئەم تاوانە، لە دەست نەدەن. چاوەروانیمان ئەوەیە هەڵمەتێکی خێرا و گشتی بۆ راکێشانی سەرنجی بیرورای گشتی بۆ لای تاوانێک کە خەریکە روو بدا ، وەڕێ بخەن.
لە ناوەندە نێودەوڵەتییەکانی بەرگری لە مافی مرۆڤیش داوا دەکەین هەولەکانی خۆیان بە مەبەستی نەجاتی گیانی رامین حوسێن پەناهی، زیاتر و خێراتر بکەن.
ناوەندی هاوکاریی حیزبەکانی کوردستانی ئێران
پێکهاتوو لە:
حیزبی دیموکراتی کوردستان
حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران
سازمانی خەباتی کوردستانی ئێران
کۆمەڵەی زەحمەتکێشانی کوردستان
کۆمەڵەی شۆڕشگێری زەحمەتکێشانی کوردستانی ئێران
١٢/٢/١٣٩٧
٢/٥/٢٠١٨