لە درێژەی مانگرتنی خەڵکی وەزاڵەهاتووی شاری بانە بەرانبەر بە سیاسەتی داخستنی سنوورەکان، ناوەندە ئەمنییەکان لە ڕێگای جۆراجۆرەوە لە هەوڵی شکاندنی مانگرتنەکان دان و لە چەند ڕۆژی ڕابردوو دەستیان داوەتە دەستگیر کردنی چەند کەس لەو شارەو بەڵام مانگرتنەکان هەر بەردەوامن.
بەپێی هەواڵی کوردستان و کورد لاوێکی کورد بە ناوی “زانیاری عوسمانی” دانیشتووی گەڕەکی “سلێمانبەگ”ی بانە لەلایەن هێزە ئیتلاعاتییەکانەوە بە تۆمەتی “بەشداری لە مانگرتنی بازاڕییان و داخرانی سنوورەکان” دسبەسەر و بە مەبەستی لێکۆڵینەوە لێکردن بۆ گرتنگەی ئیدارەی ئیتلاعات لەو شارە گواسترایەوە.
یەکێک لە خزمانی ناوبراو کە نەیویست ناوی ئاشکرا بکرێ ئاماژەی بەوە کردە کە هێزەکانی ئیتلاعات لە هەوڵی ئەوەدان پەروەندەی بۆ ساز بکەن.
بنەماڵەی عوسمانی بە مەبەستی زانیاریی وەرگرتن لە چارەنووسی کوڕەکەیان سەردانی ئیدارەی ئیتلاعاتی ئەو شارەیان کردووە، بەڵام هێزە ئیتلاعاتییەکان لە دانی وڵامێکی ڕوون خۆیان بواردووە و ئەوەش نیگەرانی بنەماڵەکەی لێکەوتووەتەوە.
شایانی باسە لە ڕۆژی یەکشەممە ٢٦ی خاکەلێوەوە، بازاڕیانی شارەکانی بانە و جوانڕۆ بۆ ناڕەزایەتی دەربڕین لەهەمبەر داخستنی بازاڕچە سنوورییەکان و زیادکردنی نرخی گومرکەکان دەستیان بە مانگرتن کردبوو و ئەم مانگرتنانە فراوانتر بوویەوە و شارەکانی مەریوان، سەقز و پیرانشار، سەردەشت و مەهابادیشی گرتەوە کە هێزەکانی ڕێژیم ١٢ کەسیان لەو پێوەندییەدا بە ئاشکرا دەسبەسەر کراون و بەشێک بە دانانی بارمتە ئازاد کراون.
هەروەها خوێندکارانی پەیام نووری زانکۆی شاری مەریوانیش بە کۆبوونەوەیەک لە ساڵۆنی سەرەکیی ئەو زانکۆیە، پشتیوانیی خۆیان لە داواکاری بازاڕیانی مانگرتووی ڕۆژهەڵاتی کوردستان دەربڕی.