کاربەدەستانی کۆماری ئیسلامیی ئێران هەر جارێ بە بیانوویەک خەریکی تێکدان و شێواندنی ژینگەی ڕۆژهەڵاتی کوردستانن.
ناوەندە نیزامییەکانی کۆماری ئیسلامیی ئێران، بە مەبەستی دروستکردنی پایەگای نیزامی، دەستیان بە تێکدانی ناوچەیەکی بەربڵاو لە دارستانەکانی ناوچەی سەرکەلــی شاری مەریوانی کردووە.
هەروەها لە ماوەی چەند ڕۆژی ڕابردوودا، دارستانەکانی گوندی سەرکەل بۆ لای گوندی باڵک، سەر بە شاری مەریوان بە بۆردیزڵ کۆماری ئیسلامی وێران و قەرارە بکرێنە جادە.
بە قسەی شایەتحاڵان، ئەم جادەیە بۆ شاخی “تەقتەقەی سەرکەل” بە مەبەستی دروستکردنی بنکەیەکی نیزامی لێ دراوە و هەروەها درێژی ئەم جادەیە نزیکەی ٤ کیلۆمیتر و پانییەکی ٧ میترە، کە لە گوندی سەرکەل دەستی پێ کردوە و بەرەو گوندی باڵک دەڕوا.
ئەنجومەنی سەوزی چیای مەریوان، لە کاردانەوەی تێکدانی دارستانەکانی سەرکەل ڕایگەیاندووە: “بە سەرنجدان بە پێویست نەبوونی جادەی سەرکەل بۆ گوندی باڵک لە کاتێکدا کە گوندی سەرکەل خاوەنی جادەیە، لە ڕاستیدا تێكدانی تەواوی دارستانەکانی ناوچەکە، هیچ پاساوێکی ئابووری، کۆمەڵایەتی و ژینگەپارێزی هەڵناگرێ تەنیا هێزە نیزامییەکانی کۆماری ئیسلامیی ئێرانن کە شێواندنی ژینگەی کوردستانیان بۆ گرینگ نیە و بە لێدانی ڕێگە دەیانهەوێ دەستیان بە هەموو ئەو ناوچانە ڕابگا کە پێشمەرگەی لێ دەحاوێتەوە.
هەروەها ئەو ئەنجومەنە ژینگەپارێزییە لە درێژەدا دەڵێ: “ئیدارە و ناوەندەکانی پێوەندیدارهیچ هەڵوێستێکیان نەگرتووە و تا ئیستا بێدەنگیان هەڵبژاردووە.
چالاکانی ژینگەپارێزی لەسەر ئەو باوەڕەن، کە تێکدانی دارستانەکانی سەرکەل، زیانێکی گەورە لە جەستەی ئەو دارستانە دەدا، لە داهاتوودا زیانی بۆ ژینگەی دەورووبەر و لایەنگرانی ژینگەپارێزی دەبێ.
هەر لەو پێوەندییەدا لە ماوەی چەند ڕۆژی ڕابردوودا لە شارەکانی ئیلام و مەریوانیش بە بیانووی بەرینکردنەوەی جادەکان بەشێکیان لە دارە بەڕووەکانی ئەو ناوچانە بڕیوەتەوە و خەسارێکی قەرەبوو نەکراویان لە ژینگەی ئەو ناوچەیە داوە.