ڕۆژی ٢٦ی خاکەلێوە لە سنوورەکانی ناوچەی هەورامان ، هێزەکانی ڕێژیمی کۆماری ئیسلامی دەستیان بەسەر ٧٠ ئەسپی کۆڵبەرانی ئەو ناوچەیە داگرت و ئەو کەرەستانەش کە باری ئەسپەکان بوون لەگەڵ خۆیان بردوویانە.
سەرچاوەیەکەی ئاگادار ڕایگەیاند: لە کاری دەسبەسەرداگرتنی ئەسپەکان لە لایەن هێزە چەکدارەکانی ڕێژیم، بە شێوەیەکی نامرۆڤانە لە کۆڵبەرەکانیشیان داوە.
بە وتەی هەمان سەرچاوە بۆ دانەوەی ئەسپەکان بە کۆڵبەرەکان، هێزە نیزامییەکان داوای شەش میلیۆن تمەن لە کۆڵبەران دەکەن.
جێی ئاماژەیە، ساڵانە سەرەڕای دەسبەسەرداگرتنی ڕێژەیەکی بەرچاو لە ئەسپی کۆڵبەرانو دواجار پێفرۆشتنەوەی هەمان ئەسپ بە خاوەنەکانیان، ڕێژییەکی بەرچاویش بە تەقەی ڕاستەوخۆی هێزە چەکدارەکانی ڕێژیمی کۆماری ئیسلامی دەکوژرێن.
بە پێی ماددەی ١و٢ی یاسای بنەڕەتی کۆماری ئیسلامی ئێران ئەو کاڵایانەی کە لە سنوورە کۆڵبەرییەکانەوە هاوردەی ئێران دەکرێن، ئەگەر نرخەکەی کەمتر لە یەک میلیۆن تمەن بێ سزای لەسەر نییە و نابێ دەستی بەسەر دابگیرێ، بەڵام لە زۆربەی حاڵەتەکان بارەکان کە دەستیان بەسەردادەگیرێ، نرخیان کەمتر لە رێژەی دیاری کراوە.
لەلایەکی دیکەوە ساڵانە بە سەدان کەس لەو سنوورانە بە تەقەی هێزەکانی حکومەتی ئێران دەکوژرێنو، پێشێلکارییەکی ئاشکرای مافی مرۆڤ لەم ناوچانە ڕوو دەدات.