لە ڕەوتی خۆپێشاندانەکان کە بە سەدان خۆپێشاندەری ناڕازی لە شارەکانی ئێران و کوردستان لە لایەن هێزە ئەمنییەکانەوە دەسبەسەر کراون، لە ماوەی کەمتر لە حەوتەیەک هەواڵی گیانی لە دەستدانی سێیەمین کەس لە گرتووخانەکانی ئیتلاعاتی شاری سنە لە ژێر ئازار و ئەشکەنجەدا بڵاو کرایەوە.
دوای بڵاوبوونەوەی هەواڵی گیان لەدەستدانی سارۆ قارمانی و کیانووش زەندی کە لە ماوەی خۆپێشاندانەکان دەسبەسەر کرابوون ، رۆژی ڕابردوو هەواڵی کوژرانی کەسێک بەناوی حسێن قادری بڵاو کرایەوە.
ئەمە لە کاتێکدایە ناوبراو هەر رۆژێک دوای دەسبەسەرکرانی واتە رۆژی ٢٥ی بەفرانبار گیانی لە دەستداوە و، ناوەندەئەمنییەکان ئەو هەواڵەیان شاردۆتەوە.
بەڵام بە هۆی بەدواچوونی چالاکانی مەدەنیی لە شاری سنە رۆژی ڕابردوو هەواڵی کوژرانی حسێن قادری بەندکراوێکی دیکە بڵاوبووە.
ئەگەرچی تاکاتی ئامادە کردنی ئەم هەواڵە هیچ کەس لە ئەندامانی بنەماڵەکەی ئەو هەواڵەیان پشتڕاست نەکردوتەوە.
بەم شێوە ئەمە سێیەمین هاووڵاتی خەڵکی شاری سنەیە کە لە گرتووخانەکانی ئیدارەی ئیتلاعاتی شاری سنە لە ژێر ئازار و ئەشکەنجە گیانی لە دەست داوە.
شیاوی باسە هەواڵەکان باس لەوە دەکەن لە شاری ئەراک لە ناوەندی ئێران، لاوێکی تەمەن ٢٠ ساڵ بە ناوی سەید شەهاب ئەبتەحی زادە، دوای ١٤ رۆژ بێسەوشوێنی تەرمی بێگیانی ئەو لاوە لە بەردەکی ماڵی باوکی دانراوە و هیچ کام لە ناوەندە ئەمنییەکان ئەو تاوانەیان لە ئەستۆ نەگرتووە.
هەر لەپێوەندی لەگەڵ ڕەفتاری دڕندانەی ناوەندە ئەمنییەکان لە گەڵ خۆپێشاندەرانی دەسبەسەرکراو، تازە لاوێک بەناوی محەممەد نەسیری کە لە کاتی خۆپێشاندانەکانی شاری زەنجان گیرابوو، زانیارییەکان باس لەوەدەکەن کە ئەویش لە ژێر ئازار وئەشکەنجە گیانی لە دەست داوە و بەرپرسانی گرتووخانەی ئیتلاعاتی زەنجان لەو بارەوە دەڵێن کە خۆی کوشتووە !
شایانی باسە کە هەر بە وتەی مەحموود سادقی نوێنەری مەجلیسی شورای ئیسلامی کە ئاشکرای کرد لە گرتووخانەکانی ئێران بە زۆرەملێ زیندانیان دەرمانخوارد دەکەن.
ئەو نیشان لەوەیە کە پەنا بۆ خۆکوژی بردن پاساوێکە بۆ جەنایەتی ناوەندە ئەمنیەتییەکان لە ئاست خۆپێشاندەرانی دەسبەسەرکراو.