بەشێک لە خەڵکی شاری سنە لە دەیەمین ساڵیادی کوژرانی ئیبراهیم لوتفوڵڵاهی لاوی خوێندکاری کورد، کە لە گرتووخانەی ئیتلاعاتی ئەو شارە لە ژیر ئازار وئەشکەنجە شەهید کرا ، لەسەر گڵکۆی ئەو شەهیدە کۆبوونەوە.
پاشنیوەڕۆی رۆژی پێنجشەممە ڕێکەوتی ٢٨ی بەفرانبار لەسەر بانگهێشتی بەشێک لە چالاکانی مەدەنی و بە ئامادەبوونی خەڵكی دڵگران و ئەمەگناسی شاری سنە لەسەر گڵکۆی ئیبراهیم لوتفوڵڵاهی ڕێوڕەسمێک بەوبۆنەیەوە بەڕێوەچوو.
رێوڕەسمی دەیەمین ساڵیادی کوژرانی ئەو خویندکارە کوردە لە کاتێک دایە، کە کەمتر لە یەک حەوتە سێ لاوی دیکە بەناوەکانی سارۆ قارەمانی ، کیانووش زەندی و حسێن قادری کە لە کاتی خۆپیشاندانەکانی مانگی بەفرانبار دەسبەسەرکرابوون بڵاو کراوەتەوە.
جێی وەبیرهێنانەوەیە کە ئیبراهیم لوتفوڵڵاهی خوێندکاری بەشی یاسای زانکۆی پەیام نووری شاری سنە، دەساڵ لەمەوپێش لە ژێر ئەشکەنجەی دڕندانەی مەئموورانی ئیدارەی ئیتلاعات، گیانی لە دەست دا.
ناوبراو رۆژی یەکشەممە ١٦ بەفرانباری ساڵی ١٣٨٦ی هەتاوی لە بەر دەرکی زانکۆ دەسبەسەرکراو، دوای ٩ رۆژ مانەوەی لە گرتووخانەی ئیتلاعات شەوی سێشەممە ڕێکەوتی ٢٥ی بەفرانبار ستادی هەواڵدەریی ئیتلاعات بە بنەماڵەی ڕایگەیاند کە کوڕەکەیان لە ڕێگای خۆکوژییەوە گیانی لە دەستداوە و تەنانەت تەرمی کوڕەکەیان ڕادەستی ئەو بنەماڵە ناکەن و بەرپرسانی ئیتلاعات دەڵێین: “بۆ خۆمان ناشتومانەو پێویست نەکا بە دوای تەرم بگەڕن”
دەگوترێ کەسێک بەنازناوی ئەمیری جێگری دادستانی شاری سنەو مێهدی مەولاولی بەناوی خوازراوی “هاتیفی” جێگری بەرپرسی ئیتلاعاتی پارێزگای سنە ، ئەشکەنجەدەرو بازجۆی لوتفوڵلاهی بوون.
هەرلە وپیوەندییەدا لە بەرەبەری دەیەمین ساڵیادی کوژرانی ئیبراهیم لوتفوڵڵاهی و درۆ و دەسەلە کردنی ئیدارەی ئیتلاعات، یاساناس و رۆژنامەنووسی کورد، موختار زارعی ڕایگەیاند: کە لە دۆسیەی ئیبراهیم لوتفوڵڵاهی سێ سەرپێچی بەرچاو هەیە کە دەبێ ناوەندە بەرپرسەکان لەو بارەوە وڵامدەربن.
شیاوی باسە لەو کاتەوە هەموو ساڵێک لەسەر گڵکۆی ئەو خویندکارە کوردە، ڕێوڕەسمێک بەڕێوە دەچێ کە ئەمساڵ ئەو ڕێوڕەسمە هاوکات بوو لە گەڵ تازیەباری شاری سنە بۆ کوژرانی چەند لاوی دیکەی ئەو شارە بە دەستی ناوەندە ئەمنیەتییەکانەوە.