هێزەکانی ئیدارەی ئیتلاعات لە ئیلام، شنۆ و پیرانشار چوار کەسی دیکەیان دەسبەسەر و بۆ شوێنێ نادیاریان ڕاگواست. ئەو کەسانە بە تۆمەتی هاوکاریکردنی حیزبێکی کوردیی دژبەری کۆماری ئیسلامی گیراون.
ڕۆژی شەممە، 23ی بەفرانبار لە ئیلام ئیدارەی ئیتلاعات کەسێکی خەڵکی ئەو شارەی بەناوی غوڵامرەزا قەنبەرپوور دەسبەسەر کردوە بۆ شوێنێکی نادیاری گواستۆتەوە. ناوبراو 5 ساڵ لەوە پێشیش بە تۆمەتی هاوکاریکردنی حیزبێکی کوردیی دژبەری کۆماری ئیسلامی گیرابوو و ئەمجارەش هەر لەو سۆنگەیە گیراوە.
لە پیرانشاریش هەواڵەکان باس لەوە دەکەن کە ڕۆژی یەکشەممە، 17ی بەفرانبار کارمەندێکی نەخۆشخانەی ئەو شارە بە ناوی ناسح خالیدی دەسبەسەر و بۆ زیندانی ئیتلاعات بردراوە. چەند ڕۆژ پێش ئەوە و لە ڕۆژی 13ی بەفرانباریشدا هێزەکانی ئیدارەی ئیتلاعاتی ئەو شارە کەسێکی تەمەن سەروو 50 ساڵی خەڵکی کۆنەلاجان بە ناوی “محەممەد ئیبراهیمی”یان دەسبەسەر کردبوو. ئەو دوو کەسەش بە تۆمەتی هاوکاریکردنی حیزبێکی کوردی گیراون.
ڕۆژی پێش ئەو ڕووداوە، واتە ڕۆژی سێشەممە 12ی بەفرانباریش لە شنۆ هێزەکانی ئیدارەی ئیتلاعاتی ئەو شارە کەسێکی خەڵکی ورمێیان بە ناوی مەنووچێهر حەمیدزادە دەسبەسەر کرد. ناوبراو کە بە تۆمەتی هاوکاریکردنی حیزبێکی کوردیی دژبەری کۆماری ئیسلامی گیراوە، لە کاتی سەردانی بۆ شنۆ لە ماڵە خزمێکی دەسبەسەر کراوە.
بەپێی ئامارەکان لە ماوەی ساڵی 2017دا لانیکەم 779 کەس لە کوردستان لەلایەن ناوەندە ئەمنیەتییەکانی کۆماری ئیسلامییەوە دەسبەسەر کراون و لەوەندە کەسە 246 کەسیان بە بڕیاری دادگا حوکم دراون.